ڕوخاندنی مناری مزگەوتی خورماڵ و چەند سەرنجێک

لە لایەن د. شوان هەورامى10/01/2024

ڕوخاندنی منارە و جێوارە مێژووییەکانی مزگەوتی گەورەی خورماڵ و شوێنەوارە دەرکەوتووەکانی ژێر مزگەوتەکە و چەند سەرنجێک.
شوان هەورامی
پاش ڕوخاندنی بینای مزگەوتی گەورەی خورماڵ بە ئامانجی بنیاتنانەوەی لەسەر هێڵکاری و شێوازە دێرینەکەی، ڕاوەستانی کارەکانی بۆماوەیەکی درێژ، لە دەستپێکردنەوەی بنیاتنانەوەی بینای مزگەوتەکە، شوێنەوارە مێژووییەکانی مزگەوتەکەش لەگەڵ زەوەی تەختکران، گەرچی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی مزگەوتەکە جیاوازە لەگەڵ کاری نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوییەکان، بەڵام پاش بەدواداچون، گوایە کارەکە بەڕاوێژ و لەژێرچاودێری لیژنەیەکی زانستی و لایەنی پەیوەندیدار ئەنجامدراوە و هۆکاری ڕوخاندنەکەش بۆ خراپی کوالێتی بیناسازی شوێنەوارە مێژوییەکان دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک هیچ ئومێدێکی بەپێوە وەستانیان نەماوە، ڕەنگە ئەم بیانوە بۆ هەر بیناسازێکی دیکە گونجاوبێت، بەڵام بۆ شوێنەوارێکی زیاتر لەهەزار ساڵ کوفری شوێنەوارییە و لەژێر هیچ ناونیشانێک و بیانوێک نەدەبو ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بڕوخێنرێن، بەتایبەت لە ئێستەدا کەرەستەی بیناسازی زۆر پێشکەوتوو مادەی زۆر بەهێزی بیناسازی بەرهەم هاتوون، بەڵام ئێستە هەرچی بڵێین چی لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت شوێنەوارە مێژوییەکانمان لەدەستدا، ئەوەی گرنگە ئێستە بوترێت، بنیاتنانەوەی ئەم شوێنەوارە مێژوییانە بەهەمان کەرەستەکانی خۆیان بەرپرسیارییەتیێکی مێژویی و نیشتیمانی و ئەخلاقییە دەبێت لایەنی جێبەجێکار لەئەستۆی بگرێت، بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی لایەنی زانستی شوێنەوارناسییانە، خاڵی دووەم کە زۆرگرنگە، ئەو پاشماوە شوێنەوارییانەی کە لەکاتی هەڵکەندنی بناغەی مزگەوتەکە دەرکەوتن ئایا بەشێوەیەکی زانستی کنەوپشکنینیان بۆکراوە؟ پاشماوە بەدەستهاتووەکان لە مۆزەخانە پارێزراون؟ لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە؟ئەمەش لایەنی پەیوەندیدار دەبێت ئەو بەرپرسیارییەتە هەڵبگرێت، وەڵامگۆی ئەم پرسیارانەبێت.
لەکۆتایدا ئومێدەوارم هیچ شوێنەوارێکی دیکەی کوردستان بەدەردی شوێنەوارەکانی مزگەوتی گەورەی خورماڵ نەبردرێن و بەشێوەی زانستی نۆژەنبکرێنەوە نەک بڕوخێنرین و سەرلەنوێ بنیاتبنرێنەوە، وێنەی بەشێک لەپاشماوە شوێنەوارییەکانی ژێر مزگەوتی گەورەی خورماڵ لەکاتی هەڵکەندنی بناغەی مزگەوتەکە دەرکەوتن دادەنێم، کە بەداخەوە زۆر نازانستییانە و بێویژدانانە مامەڵەیان لەگەڵکراوە.
شوان هەورامی 10-1-2024عیسایی

وتاری زیاتر