نیگاکانی هەنییە!

لە لایەن د. ماجید خەلیل01/08/2024

نیگاکانی هەنییە!

ئەمەی نوسیومە، خوێندنەوەی دیدارێکی ڕۆژنامەنوسی ئەوە، کە چەندین ساڵ پێش ئێستا، وەختێک سەرۆکی زانکۆی غەزە بووە، ڕۆژنامەیەکی خوێندکاری و تەرفیهی لەگەڵیدا سازیان داوە.
گەر وردی وێنە و سروشتی سەیرکردنی هەنییە بنەوە. لە چاوەکانیدا چیرۆکێکی چارەنوسساز دێتە پێشچاوتان.
لەو شکڵ و شێوانەیە شیمانەی شتێک دەکەن. لەو کەسانەیە بێئەوەی بدوێن، بەحسی خۆیان دەکەن.
جۆرێک جوڵەی وەستاو وێنا دەکرێت. یانی نیگایەکی وەستاو و حەکایەتێکی حەپەساو لە زاقی و زاتی چاوەکانیدا دەخوێنرێتەوە.
ئەم جۆرە نیگا و نەریتی ڕوانینە، نەریتی دوور ڕوانینە، ڕێک لەوانەیە کە ژانی کیشوەرێکیان پێیە، ڕێک لەوانەیە کە ئەفسانە ئەدەنە پێش واقیع و وەختە ژیانێک دەسازێنن، کە بۆکەم کەس دەسدەدات.
ئەمەی ئەینوسم، وەڵامێکی خودی خۆیەتی. کاتێک لێی دەپرسن:
هەمیشە لە نیگاکانتدا دۆشدامان. جۆرێک لە وڕمان وێنا دەکرێ. زیتەیەک زمانی پژاوە و پێیگرتووە و دەیەوێت بدوێت. یانی لەو کەسانەیت ناتوانرێ خەیاڵی ئەوە بکرێ چاوەکانتان نوستوون.
پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە، پێدەکەنێ. پێکەنینێکی بێدەنگ، تەنها تەڕحی دەموچاوی دەیوت وا خەریکە پێدەکەنێ.
ڕۆژنامەنوسەکە پرسی:
+ڕەنگە ڕازێک هەبێت، مادام پێدەکەنیت؟
-بێگومان پێکەنیم، پرسیارەکەت زۆر جێگەی خۆیەتی، دەزانم ڕاستگۆیانەیە. ئاخر کەس لە ژیانمدا هێندەی هاوژینم هەڵەکانم ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە پێناڵێ.
+چ پەیوەندییەکی بە هاوژینتەوە هەیە؟
-با، با بۆیەکەمجار نهێنییەکی دەستگیرانداریم بدرکێنم.
پانزە شانزە ساڵان بووم. خۆم و ئامالی هاوژینم، کچی مامەم، هاوسنع و ساڵی یەکتر، کراینە ئۆتاقێکەوە، گوایا گفت و بەڵێنێ بدەین، ئایا ڕەزامەندین ببینە هاوژینی یەکتریی یان نا.
پاش پێنج خولەک، خەریکبووم بیرم دەکردەوە، دەبوو شتێک بڵێم. بەڵام بێئەوەی زارم بکەمەوە. بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پێمی وت:
+ پێویستی نەدەکرد هێندە بڵێی، قابیلە نەتناسم. تۆ سروشتت وایە، نیگاکانت نۆرەی ئەوی تر نادەن، بێئەوەی زارت بکەیتەوە، هەموو شتێکت وت. منیش ڕازیم و بەڵێ!
پاشان دوای ئەم سەرگوزەشتەیە، هەنییە بە ڕۆژنامەنوسەکەی وت:
+ زاڕۆ بووم، ئۆردوگاکەمان ئێشی شکست و شەڕی شەش ڕۆژەی ساڕێژ نەببوو. کوڵفەت و کرێ و تێچوون تەنگی پێهەڵچنین. ژیانمان لەسەر ڕاوەماسی بوو. مامەم منداڵەکانی ئێمەشی ئەژیاند. ئێوارەیەک ئەهاتەوە، تۆڕەکە لەبنهەنگڵیدا بوو. چەند وردە ماسییەکی تێدابوو. یەکەمجارم بوو ورد بمەوە. چاوی ماسییەکان منیان خستە خەیاڵێکی قوڵەوە. چاوەکانیان نەدەتروکاند، لەنێو تۆڕەکەوە تەواوی ماسیەکان مشتیان لێهێنابوومەوە. باوەڕکەن، ئۆردوگاکەم وەک تۆڕی ماسیەکانی مامەم دەبینی. لەودیو تۆڕەکەوە دەمانڕوانییە بەلەمە ژەنگاوییەکانی لێوار دەریا. لەودیو تۆڕەکەوە تامی تاریکیی ژیانمان دەکرد. لەودیو تۆڕەکەوە بە قۆچەقانییەکانمان قڵۆسممان دەنا بە دەبابەکانەوە. باوەڕتان بێ، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا. تەنانەت لە یەکەم ژوانی هاوسەرگیریمدا، هەرکاتێک و لەهەر لایەکی ژیان ئاوڕبدەمەوە، ڕێک ئەڵێی ئەو ماسییانە لە ڕۆحمەوەن. ئەڵێی لە تۆڕێکی تاریکەوە دەڕوانم، ئەڵێی جارێکی تر ناتوانم چاوەکانم لێکنێم. ئەڵێی لەپێناو ئەوەی من بژیم، ئەوانیان لە ئاوی حەیات بێبەش کردووە. وادەزانم هەرکات چاوەکانم لێکنا، ئێتر زەفەرم پێدەبرێ. نازانم، ئەوە بەهرەیەکی خوداییە یان نا. نازانم ئەوە نەریتی نەخۆشییەکە یان نا، نازانم وانەیەکی ویژدانییە یان نا. بەڵام، بەوپەڕی ڕاستگۆییمەوە ڕێگە بەخۆم دەدەم بڵێم، کاتێ دەڕوانم، چاوەکانم چێوەی ماهییەکان دەگرن، کاتێ دەڕوانم دەمەوێ ئیتر لەخۆم دوورکەومەوە و بەجارێ بوونی ئەویتر بدۆزمەوە.
هەنییە، کوڕێکی هەژار، وەک ئەوەی لەدوێنێوە لە ڕووپەڕی ڕووداوەکەوە، ڕازی ژیانیم دۆزیبێتەوە، گەیشتمە ئەنجامێ، کە کوڕی ڕۆژانێکی سەخت و سیاسەتێکی تەواو دژواری خاکەکەی بوو. پەروەردەکەی، پەیامێکی ڕوون و ڕەوانی لەپشتەوە بوو. لەوێوە هەنگاوی هاویشتبوویە ناو نۆرەبڕییەکانی ئسرائیلەوە. ئەو بەدەر لە ڕێگایەک کە زامنی زیهنییەتی خۆی بوو، کەسکێی ئاکارجوان و ئەدەبدۆست و ئەندێشەفراوان بوو.
لەئەدەبی عەرەبییەوە عەشقی زمان و زەواری شیعر ببوو.
لەدواین لێدوانی لەگەڵ خامێنەییدا خەیاڵی نیشتەوە بەسەر شیعرێکی مەزندا.
خاڵی وابەستەیی ئەو و ئایدیۆلۆژیاکەی لە فەلسەفەیەکدا یەکی دەگرتەوە، کە کەلتووریی ئەودنیا بوو نەک ئەم دنیا.
ئەو ئەندێشەکانی زیاتر ئەندێشەی ئەودیو پردەکە بوون.
بۆیە لەم بەرەوە گەر شیعر و چیرۆک و چاوانێکی بەئاگای نەبوونایە کە پێیان دەدوا، قسەیەکی نەبوو بۆ ئەم ژیانە..
هەربۆیەش ئەو وەڵامەی کە بە ڕۆژنامەنوسەکەی وت، وەختە بڵێین جۆرێک لە پێشبینی بوو. هەمیشە وا هەستی کردووە، کاتێک چاوەکانی لێکبنێت زەفەری پێدەبرێ.. بۆیەکا ئەو هەر دەبوو لە شەوێکی تاریک و ئەنگوستەچاودا تیرۆر بکرێ.
ئەگینا، ئەو لە ئەدەبی ئێشکگرتندا دکتۆرای هەبوو!

وتاری زیاتر