ئەوەی بافڵ تاڵەبانی دەیکات راستکردنەوەی هەڵەکانی باوکیەتی

لە لایەن دارا عەبدوڵا 07/09/2024

ئەوەی بافڵ تاڵەبانی دەیکات راستکردنەوەی هەڵەکانی باوکیەتی
بەبیانووی رێگری لە حیزبی بنەماڵەیی، بانگەشەی سۆشیاڵ دیموکرات، یەکێتی چەپکە گوڵەکەو… زۆرشتی تریش، مامی باوک هەردوو کوڕەکەی پشتگوێ خست و بواری بۆ نەرەخساندن لە حیزبدا بێنە پێشەوە؛ دەستی نەگرتن کاری سیاسی ئەزموون بکەن. ئەمە رێک بە پێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە مەلامستەفاوە تاکو کاک مەسعود، هەر لە سەردەمی لاویەتیەوە کورەکانیان بەشداردەکەن لەهەموو جموجۆلێکی سیاسی، تا پێدانی دەسەڵاتی رەها لەناو حیزبدا.
مام جەلال نەیویست حیزبەکەی بکاتە بنەماڵەیی، تا کاتی وەفاتیشی ئەم هەنگاوەی یەکێک بوو لەشانازیەکانی خۆی، بەڵام هەموومان بینیمان دوای خۆی حیزبەکەی چۆن بووە حیزبی فرە کوێخا. ئەوەی مام کردی تەواو پێچەوانەبوو بە کلتور و ژیانی سیاسی هەزار ساڵی کورد.
جا ئەمەی ئێستا بافڵ دەیکات رێک هەنگاوێکی سروشتییەو، هاوتایە بە کلتووری سیاسی کورد. بە گشتی لەحیزبی شەرقیدا، نابێت دەنگی بڵندتر هەبێت لە دەنگی سەرۆک. نابێت شەریکە سەرۆک هەبێت، وەک ئەوەی پێیان دەوت هاوسەرۆک. ئەبێت کەسی یەکەم هەیمەنەی هەبێت، براگەورەبێت. هاوسەرۆکی هەڵەبوو؛ سەیری پەکەکە مەکەن، ئەوان سیستەمی بەرێوبردنیان جیاوازە، تەواو کلتوری سیاسی کوردییان بەرنامەرێژ کردۆتەوە، چۆن؟
پەکەکە لەرێگەی سیستەمێکی تۆکمەی پەروەردەکردنی کادیرەکانیەوە لە تەمەنێکی کەمەوە، کە لەتوانا و قودرەتی حیزبەکانی دیکەی کوردستان نیە، سەرکەوتووبووە لە گۆرینی کلتوری سیاسی لەناو کاری رێکخراوەیی خۆیاندا. ئەمە بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژیایەکی توندوتۆڵ و دامەزراو، کەپێی دەوترێت کۆنفیدرالیسمی دیموکراتیک و ئۆجەلان بەرنامەڕێژییەتی.
بۆیە، ناکرێت تۆ بەرپرسی باڵابیت لەیەکێتیدا و پرۆ پارتی بیت، یاخود حساب بۆ سەرۆک نەکەیت بەبیانووی ئەوەی تۆ کاتێک کاری سیاسیت کردووە ئەو منداڵ بووە!
تۆش ئازابویتایە ئەو فرسەتەی مام دایە دەستت دەتقۆزیەوە و دەبویتە سەرۆک، بەڵام کە ناتوانیت و بافڵ ئەمە دەکات، لەسەرتە رێز لە بریارەکانی سەرۆکی حیزبەکەت بگریت. هەرئەمەشە رێگە دروستەکە. وەختی هاوسەرۆکی، لاهور لە ئاوازێک دەیخوێند و، دووبراکەش لەئاوازێکی تر، سەرکردەکانیش هەریەک بۆخۆی کوێخایەک بوو. ئەم نامەرکەزییەتە، یەکێتی زۆر لاوازکردبوو بەرامبەر مەرکەزیەتی بەهێزی پارتی.
ئەم بەرەڵاییە پێویستی بە گەرانەوەی مەرکەزیەتبوو، ئەم گەرانەوەش ویستێکی سروشتی هەموو سەرکردەیەکە، ئاستی رۆشنبیری و سیاسیشی لەهەر دۆخێکدا بێت. ئێستا ئەمەی بافڵ تاڵەبانی دەیکات کارە سروشتیەکەیە لە ژیانی سیاسی کوردیدا.

وتاری زیاتر