مامۆستای مزگەوتەکە شتێکی نەوتووە دژ بێت بە هەسەدە

لە لایەن دارا عەبدوڵا 16/01/2026

پێکدادانی فکری نێوان خەڵکی دیندار و بزووتنەوە چەپەکان شتێکی سرووشتییە. بزووتنەوە چەپەکان، لە نێوانیان پەکەکەو ڕێکخراوەکانی، لە هەوڵی گۆڕینی دابونەریت و کلتوری کوردین کە هاوتەریببێت لەگەڵ بیری سیاسی و کۆمەڵایەتییان. ئەم بیرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە بنەڕەتدا دژی بەها باو و کۆمەڵایەتییەکانە، وە هەروەها دژە بە دین. پەکەکە و هاوبیرەکانیشیان ئەمەیان نەشاردۆتەوە، زۆر بە ئاشکرا باسی دەکەن و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، بۆ نموونە، زۆر یاسای پێچەوانەی یاسا ئیسلامییەکان دەرکراون، لە نێویان هاوسەرگیری مەدەنی و قەدەغەکردنی مارەیی...هتد. دادگای شەرعی قەدەغە کراوە کە لە ڕژێمی کۆنەوە بوونی هەبووە. ئەم یاساو ڕێسایانەش، تەنها لەو کانتۆنانە جێبەجێکراون کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بۆ نموونە، لە کانتۆنی رەققە جێبەجێنەکراوە.
لە هەمان کاتدا، دژ بەم دیاردە، هەبوونی خەڵکانی دیندار یان پارێزگارکار، کە ئامانجیان هێشتنەوەی بەها کۆمەڵایەتی و دینییەکانە وەکو خۆی، دیاردەیەکی جیهانییە لە هەموو کۆمەڵگاکانی جیهان بوونی هەیە. جا ڕاستڕەوە مەسیحییەکانی ئەوروپا بن، یاخود ئیسلامییەکانی تورکیا، یان هیندۆسە سیاسییەکانی هیندستان، یاخود بووزییەکانی میانمار. ئەمەش بۆ کوردستان ڕاستە. خەڵکی دیندار، وە یاخود پارێزگارکار کە مەرج نیە دیندار بن، لەگەڵ مانەوەی بەها کۆمەڵایەتیی و یاسا دینییەکانن وەکو خۆی، بە تایبەت یاساکانی تایبەت بە خێزان. «پاڕێزگارکار» کەسێکە کە دەیەوێت «پارێزگاری» لە کلتور و بەها ئەخلاقییەکان بکات، وە ڕێگری دەکات لە گۆڕانی دابونەریت لەگەڵ بەها مۆدێرنە لیبراڵە ڕۆژئاواییەکان. بۆ نموونە، پارێزگارکار بەرگری دەکات لە یاسای خێزان، چونکە ڕای وایە، یاسای مەدەنی مۆدێرن، پەلهەڵدەکێشێ بەرەو هاوڕەگەزخوازی و مەترسییە بۆسەر پیرۆزی خێزانی کورد.
پێویستە لایەنگرانی پەکەکە هێرشی میدیایی سەر خەڵکی پارێزگارکار وە بە تایبەتیتر مامۆستایانی ئایینیی ڕابگرن. خەڵکی باشووری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکان، وە بە تایبەتی چینی پارێزگارکار، ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕاوە لە سەرخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان. وە هەروەها لە شەڕی دژ بە داعش و گروپە تیرۆرستییەکان، کە زۆرینەی هەرە زۆری هێزی پێشمەرگە لە خەڵکانی پارێزگارکارن. وە ئەوەیان بیر دەهێنمەوە، لە باکووری کوردستان هێندە دژایەتی پارێزگارەکانیان کرد، بەشێکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی باکوری کوردستانیان نامۆ و دژ کرد بە بیری نەتەوەیی کورد.
قسەی ئەو مامۆستایەش لەسەر شەڕڤانە کوردەکان، بایی ئەوەنیە لەناو مزگەوتدا وتاری هەینی تێکبدەیت و کەمینەیەک بیکەنە هوتافکێشان و هەڵدانی پیاز! ئەم رەفتارە لەنێو مزگەوتدا نامۆیە بە بەها کۆمەڵاییەتیی و دینییەکان. تەنانەت ئەگەر مامۆستای مزگەوت گوتبێتی «شەڕڤانەکان مسوڵمان نین»، ئەم قسەیە دەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەڕبڕینەوە، چونکە لە ڕاستیدا هەسەدە خۆی وەکو هێزێکی مسوڵمان ناناسێنێ، وە زۆر بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزێکی فرە-نەتەوە و فرە-دینن. دەکرا بە شێوازێکی جوانتر داوای ڕوونکردنەوە لە مامۆستای مزگەوتەکە بکرایە لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی فکری، نەوەک بەوجۆرە هەڵشاخانەوە پێیدا.

وتاری زیاتر