بەڵێ من درۆزنم

لە لایەن رێبوار كەریم وەلی 21/10/2024

قسەیەکی بەناوبانگی پەرلەمانتارێکی تورک هەیە کە دەڵێ:”هیچ شتێکیش روی نەدابێ، شتێک هەر رووی داوە!”
*رەنگبێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 20 ی ئۆکتۆبەر، یەکێک بێت لە دراماتیکیترین ئەنجامەکانی سی ساڵی رابردوو، دوو حزب کە لانیکەم لە 5 ساڵی رابردوودا، چی خراپە بەسەر میللەتیان هێناوە، کەچی یەکی 250 هەزار دەنگیان زیادی کردووە!
کەواتا گرنگ نییە خەڵک چی دەخاتە ناو سندوقەوە، گرنگ ئەوەیە کە چی لێدێتە دەرێ!
*حزبی سێیەمیش کە دوو سێ ئێوارە بە ئۆتۆمبێلە ئاخیر مۆدیلەکەی، پیاسەی بەناو خەڵکدا کردووە و هەندێک هۆڕینی بۆ خەڵک لێداوە، نزیکەی 20 لەسەدی کورسییەکانی پەرلەمان دەباتەوە! ئەگەرچی ئەو حزبە لە 2018 بە حیساب سورپرایز بوو، بەڵام دواتر لە پەرلەمان کچێنیی سیاسیی لەدەست دا. 8 هێلکەی بردە پەرلەمان تا بیانکاتە جوجکە 5 یانی پیس کرد.
*گوایە حزبێکی تاقینەکراوەیە! 
*تا 72 سەعات پێش هەڵبژاردن، هیچ کام لە بەرپرسانی یەکەمی هەر دوو حزبی دەسەڵات نەیاندەتوانی بڵێن سەد لە سەد ئینتخابات دەکرێت؛ هێشتا دیزاینەکە ئامادە نەکرابوو!
*دەڵێن بەرتیل بەڵگەی نییە، بەڵام تەزویریش ئەگەر بە باشی کرابێت، ئەویش بەڵگەی نییە! 
*ئەو ئەنجامانە، نەتیجەی دیزاینێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو.
1- نوێکردنەوەی شەرعییەت بۆ هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار. کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە ئیفلاسیان کردووە.
2- دیزاینی هاوسەنگیی هێز لە نێوانیان بە شێوەیەک کە هیچیان نەتوانێ بێ ئەوەی دیکەیان تاکڕەی بکات و مەجبور بن پێکەوە هەنگاو بنێن.
3- هەڵڕشتنی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن بۆ کۆمپانیایەکی سیاسی کە هیچ زەرەرێکی بۆ پەزەکان نییە و دەستەمۆی خۆیانە. بەوەش تابلۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا، کامڵ بکەن.
*نەتیجەی ئەم هەڵبژاردنە هەروەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەسەرەتاوە چەندینجار باسی لێوە دەکرد و دەیگوت دیزاین کراوە، تەنها لە قازانجی یەکێتی بوو، بەڵام دواتر کە پارتیش داخیلی دیزاینەکە کرا، ئیتر هەموو لایەک هەناسەیەکی راحەتیان هەڵکێشا و، یەکەم کەسیش کە دەستخۆشیی لە کۆمیسیۆنی دیزاینچی کرد و سوپاسی کردن، سەرۆکی پارتی بوو!
*پوختەی کەلام ئەوەیە، ئێمەومانان لەسەر بنەمای کاردانەوەکانی خەڵک، رەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسەتی حزبەکان، شڕۆڤەی بارودۆخ دەکەین و پێشبینی دەکەین، بەڵام ئیرادە و دەستێک کە تێکڕای یارییەکە بەڕێوە دەبات، واقعیەکە هەڵدەگەڕێنێتەوە و ئێمەومانانیش دەست لە ئەژنۆ درێژتر دەبێ تەماشاچی بین.
ئەگەر ئەو ئەنجامانە بەرمەبنای دەنگی دەنگدەران بێ، بێگومان ئەم میللەتەی ئێمە تووشی سەندرۆمی ستۆکهۆڵم بووە. ئەگەریش وا نەبێ کەواتا 80 لەسەدی خەڵک کە رۆژ تا ئێوارێ قسە بە دەسەڵات دەڵێن و دەکڕوزێنەوە، ئەوانیش وەک سیاسییەکان درۆزنن و، ئێمەش درۆزنی ئەوان.

وتاری زیاتر