بۆچی موچەی مانگی ١٠ دواکەوتووە؟

لە لایەن سۆران عومه‌ر11/11/2024

بۆچی موچەی مانگی ١٠ دواکەوتووە؟
 موچەی مانگی ١١ و ١٢ چی لێ دێت؟!
حکومەتی هەرێم لیستی موچەی خانەنشینانی بەهاوتاکراوی ناردووە بۆ دارایی فیدراڵ کە لەدوو مانگی ڕابردودا پێش هەڵبژاردنەکان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا موچەی شارستانی خانەنشینانی هاوتاکرد! ئێستە بۆ هەرمانگێک ٥٦ ملیاری پێویستەو داوای لەبەغداکردوە، بەڵام بەغدا تاکو لیژنە هاوبەشەکەی پێکیهێناوە بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی و چۆنێتی چارەسەری نەبونی سندوقی خانەنشینی ناچێتە ژێر باری ئەو هاوتاکردنە کەهەرێم خۆی کردویەتی! 
لەسەر چارەسەر نەکردنی کێشەی لیستەکانی موچە بۆ مانگی (١٠) دارایی عێراق بڕی (٢٥٠) ملیار دینار دەبڕێت، وەک چۆن لەمانگی ڕابردوش (١٣٠) ملیار دیناری بڕی.
جگە لەوە بەغدا دەڵێ لەبەشە بودجەی هەرێم کەکەیاسای بودجە بۆی تەرخانکراوە ٪١٢.٦٧ هەرێم هیچ پارەیەکی تری نەماوە.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش کە بەغدای پابەندکردووە بەپێدانی موچە بە توطين ئاماژەی بەوەکردووە لەبەشەبودجەی دیاریکراو بۆ هەرێم لەیاسای بودجە!
هەرێم داوا دەکات بەشی موچەی مانگەکانی ١٠،١١،١٢ گواستنەوەی بۆ بکرێت لە وەبەرهێنان بۆ موچە. 
داهاتی نەوت نادیارە کەهەرێم خۆی فرۆشتویەتی، داهاتی ناوخۆش تاکو ئێستە هەرێم لە ١٠ مانگ تەنها ٣٢٠ ملیار دیناری ناردوە بۆ بەغدا! 
عێراق دەڵێ هەرێم کەدەبوو هەموو ڕۆژێک ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بدات بە سۆمۆ، یەک لیتر نەوتی ڕادەست نەکردوە لەزیادکردنی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ٣٢٠ ملیار دیناری زیادکردوە! بەڵام بەغدا نزیکەی ٧ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیاری بۆ موچە ناردووە.
کێشەکانی لیستی موچە کە بریتی بوون لە پێنج خاڵ چارەسەر نەکراوە؛
١- دوو موچە لەنێوان وەزارەتەکانی هەرێم و لەنێوان هەرێم و بەغدا.
٢- نەبونی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەر، کەئەمەش گومانی زۆری خستۆتە سەر لیستی موچە.
٣- دوبارەی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەر، کەچەند فەرمانبەرێک یەک ژمارەی وەزیفی هەیە! هەرمانگێکیش ژمارەکەی جیاوازە!
٤- نەبونی بایۆمەتری، کەتاکو ئێستە زۆرن ئەوانە بایۆمەتریان نیەو تەعینی تازەن! 
٥- ئەو فەرمانبەرو مامۆستایانەی خوێندنی کوردی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی کەرکوک کەموچەیان لەهەرێمەو لەسەر فەرمانگە فیدراڵەکانن. 
عێراق دەڵێ ڕاژەکانیان دەگوازینەوە مادام موچەکانیان ئێستە لەسەر عێراقە، هەرێم دەڵێ ڕازی نابین! ئەڵێ ئیداریەن هەر لەهەرێمەبن مالیەن با لای ئێوەبن!
بۆیە پيویستە هەرێم لەوە زیاتر یاری بەقوتی خەڵک نەکات و مەترسی بۆ موچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ٢٠٢٤ دروست نەکات و لەداهاتی نەوت و ناوخۆ زامنی ئەو موچانە بکات.

وتاری زیاتر