سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "حکومەتی ھەرێم ھیچ گرێبەست و زانیاریەک نادات بە وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی، لەبەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق ٨ نوسراو ئاراستەی کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکان ھەرێم دەکات و ١٠ سکاڵایان لەسەر تۆماردەکات و ١٢ نوسراوی ئاگادارکردنەوەش بۆ حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق و سۆمۆ و چاودێری دارایی دەنێرێت"
دەقی نوسینەکەی سۆران عومەر :
پێویستە لەسەر مافی خەڵک ڕێکەون
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، حکومەتی ھەرێم ھیچ گرێبەست و زانیاریەک نادات بە وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی، لەبەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق ٨ نوسراو ئاراستەی کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکان ھەرێم دەکات و ١٠ سکاڵایان لەسەر تۆماردەکات و ١٢ نوسراوی ئاگادارکردنەوەش بۆ حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق و سۆمۆ و چاودێری دارایی دەنێرێ .
بۆیە بەبێ ڕێکەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز تاکو دەرچونی یاسای نەوت و گازی عێراق، بەبڕیاری سیاسی بەشەبودجە بۆ ھەرێم نایەت.
پاش بەدواداچون بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٥٩)ی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوت بەنوسراوی ژمارە (٤٢٢٠٨ لە ٢٨/١٢/٢٠٢٢) لەوەڵامدا ئاماژە بەوە دەکات (حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەدی کردۆتەوە ھیچ گرێبەستێکی نەوتی و داتاو دۆزینەوەی نەوت و فرۆشتنی و بەرھەمھێنانی) تەسلیم بەچاودێری دارایی عێراق بکات!
بۆیە وەزارەتی نەوت لە نوسراوی ژمارە (٢٢٨٠٣ لە ١١/٨/٢٠٢٢ ) داوا لە وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی دەکات چاودێری جێبەجێ نەکردنی ئەم بڕگەیەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەن لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.
وەزارەتی نەوت لەوەڵامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات (٨) نوسراویان ئاراستەی کۆمپانیا بیانیەکان کردووە کەلەگەڵ حکومەتی ھەرێم گرێبەستیان ھەیە، ئەوانیش بریتین لە کۆمپانیاکانی:
ADDAX , Westrenzagros, Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy
ھەروەھا وەزارەتی نەوت (١٢) نوسراویان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە لەسەر جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەم بابەتە ھۆکاری ئەوەیە وەزارەتی دارایی عێراق ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھەرێم نانێرێ.
جگە لەوە وەزارەتی نەوت (١٠) سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت لەھەرێم تۆمارکردووە کە بریتین لە کۆمپانیاکانی :
Gas Prom, DANA GAS, ADDAX , Westrenzagros, Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy
لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ بەبێ ڕێکەوتنێک کە ھەرێم پابەند بێت و بەغداش ئەرکی خۆی بەجێبھێنێ بۆ ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم ناگەین بەوەی کەخەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکات!
پێویستە حکومەتی ھەرێم بەجدی کار بۆ ڕێکەوتن بکات، ئەگەر نا دۆخی ئابوری و دارایی ھەرێم لەمساڵدا بەبێ ھاتنی بەشە بودجە لەبەغداوە بەرەو خراپی دەڕوات، نەوتێک کە نیوەی داھاتەکەی بۆ بواری خەرجی جۆراوجۆری ناشەفاف دەڕوات، خەڵکەکەی لەبەرمیلێک نەوت سودمەند نیە، بەنزین و گازو غاز بەگرانترین نرخ دەکڕێ لەناوخۆدا زیانی گەورەی لەم سیاسەتە ناشەفافەی نەوت بەرکەوتووە.
نوسینگەی پەرلەمانتار
سۆران عومەر
١٠/١/٢٠٢٣