ڕوداوه‌كان ده‌مانگۆرن!

لە لایەن په‌یوه‌ند عومه‌ر20/07/2019

 

سه‌رده‌مێك ده‌ژین لێوان لێوه‌ له‌ڕوداو, ساته‌وه‌ختێك كه‌ به‌توندی به‌ڕوداوه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانه‌وه‌ به‌ستراوه‌, ڕوداوه‌كان دوای ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ له‌نه‌ستمان ده‌كه‌ن دواتر ده‌په‌رنه‌وه‌ بۆ ناو هه‌ڵسوكه‌وتمان و سلوكمان ده‌ستكاری ده‌كه‌ن.


مرۆڤی ئه‌م ساته‌وه‌ خته‌ ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت شیك و ئارامه‌, به‌ڵام هه‌ڵگری ده‌رونێكی په‌رێشان و شعورێكی هیلاكه‌, ڕۆژانه‌ سه‌دان ڕوداو هروژمده‌كاته‌ گوێچكه‌یه‌وه‌, ده‌یان خه‌به‌ر به‌توندی ده‌كێشێت به‌دیواری مێشكیدا, ناوه‌وه‌ی هه‌راسان و ئاڵۆزده‌كات.ئینسانی ناو ئه‌م دۆخه‌ فشارێكی گه‌وره‌ی ڕوداوه‌كانی له‌سه‌ره‌, ئه‌و ڕوداوانه‌ی هێدی هێدی خو و ڕه‌وشتی ده‌گۆڕن, له‌كه‌سێكی ئارام و جێگیره‌وه‌ بۆ مه‌خلوقێكی هیلاك و نائارام, له‌كه‌سایه‌تیه‌كی میهره‌بانه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی توره‌و شه‌ڕانگێز.


له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ فشارێكی گه‌وره‌ له‌خۆی ده‌كات تا ئه‌م توڕه‌یی و نائارامیه‌ی ناوه‌وه‌ی بشارێته‌وه‌, واپیشان بدات كه‌ ژیانێكی ئاسایی به‌ڕێده‌كات, ده‌یه‌وێت له‌ئاست كاریگه‌ری ڕوداوه‌كاندا خۆراگر و به‌هێز ده‌ربكه‌وێت, ئه‌م به‌هێزیه‌ به‌مانای ئه‌وه‌نا كه‌به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی توانای هه‌ڵگرتن و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی به‌هێزبیت, یان باڵانسی خۆراگری به‌رزبێت, به‌ڵكوو له‌ڕێگای نواندنه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌كات, كۆششه‌كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ڕواڵه‌تێكی ئاسایی له‌سه‌رحسابی ده‌رونێكی هیلاك و په‌رێشان پیشان ده‌دات,ده‌رونێك كه‌به‌رده‌وام وه‌ك ته‌نێك گه‌رم دادێ, وه‌ك دینامیتێك نزیكه‌ بته‌قێته‌وه‌.
ڕوداوه‌كانی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ توانای گۆڕینی مرۆڤه‌كانیان زۆربه‌هێزه‌,ئه‌و ڕوداوانه‌ی ڕۆژانه‌ بی هه‌دادان دێنه‌ ناو ئه‌م ژیانه‌وه‌ ناتوانری پشتگوێ‌ بخرێن,ڕێگه‌ له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌یان ناگیرێت, ناتوانرێت پشتیان تێبكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕوی نه‌دابێ‌.
ژیانی مرۆڤی ئێستا ڕوداو به‌ڕێوه‌ی ده‌با,ڕوداو ئاراسته‌ی ده‌كا,ئیراده‌ی ئینسانه‌كان به‌ڕوداوه‌كانه‌وه‌ نوساوه‌ ڕوداوه‌كان ڕه‌تی جوله‌و ئاراسته‌كانی دیاری ده‌كه‌ن, هه‌ربۆیه‌ ڕه‌نگه‌ هیچ كاتێك نه‌بوبێ‌ هێنده‌ی ئێستا مرۆڤ له‌ئاست ڕوداوه‌كاندا بێئیراده‌ و ده‌سته‌ پاچه‌بێت.

وتاری زیاتر