ئەم گرێیە دەتکوژێت

لە لایەن عەلی حەمە ساڵح21/07/2019


- لەدوێنێوە چاوەڕێبووم ئەوانەی لەشاخ و لەشار لەگەڵ کاک نەوشیرواندا بوون و لە مەوقیفەکانیشدا مەلابەختیاریان ناسیوەو لەسەردەمی گۆڕانیش ھەم کاک نەوشیروان و ھەم خەڵکی دیکەشیان باش ناسیوە، بەدەنگ بێن، ئاوێنەیەک بدەن بەدەستیەوەو بڵێن: تۆ ئەمەی!!

من تا بە ڕۆح زیندووبم، بەرگری لە ڕۆح و جوامێری کاک نەوشیروان دەکەم. 

-ئەوەی ئێستاش باسی گەندەڵی و دزی و تاڵانکاری و میلیشیاگەری حیزبی دەکەیت، وانەیەکە نەوشیروان مستەفا دەیوتەوەو ئێوە دژی ئەم مامۆستا بوون.

- جیاوازیەکە ئەمەیە...
پارتی و یەکێتی لە ئەو پەڕی ھێزدا بوون، ھەموو جومگەکانی حوکمڕانی لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بۆ کۆمار بە ھێزی چەکدارو ئابوری وڵات و ڕێکخستنێکی حیزبی و ساختەکاری ھەڵبژاردن بەرامبەر کاریزمای نەوشیروان مستەفا دەوەستانەوەو ساختەکاریان لێدەکرد، ھاوڕێکانیان نانبڕاودەکردو ھەڕەشەیان دەکرد، کە ھەموو ئەمانە نیشانەی لاوازی ئەوان بە ھێزی کاک نەوشیروان بوو، بەڵام ئەم کاکەش بە نوزە نوزو بۆڵە بۆڵ و لەگۆشەی ماڵەکەیەوە توانای ڕووبەڕووبونەوەی منداڵی بەرپرسەکانی نیەو دێت باسی کاک نەوشیروان دەکات.

- ئەوانەی کە نازانن چیان دەوێت، نازانن توانایان چەندە، لەبری پرۆژەی بەدیل، دێن بێڕووئیای خۆیان بە دروستکردنی تۆمەت بۆ خەڵکی دیکە دەشارنەوە، نەک ناتوانن ھیچ پێشکەش بەکۆمەڵگا بکەن، بەڵکو لاوازی خۆیان پیشاندەدەن.

- کە کاکی ڕەحمەتی لە ژیاندا نەماوە، ڕێگا بە خۆم نادەم ئەو چیرۆکە بگێڕمەوە کە مەلابەختیارو ھێرۆخان لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکاندا ھاتنە لای کاک نەوشیروان چیان وت و ئەم چی وت؟ 
ھیچ پێویستیش نیە کەس خۆی بکات بە پاڵەوان بڵێت: ئێمە نەمان ھێشت پەلاماری گردەکە بدرێت. 
ئەوە کاک نەوشیروان خۆی بوو، بە تەلەفون وەڵامی دانەوە کە داوای داخستنی تەلەفزیۆنەکە دەکراو. ئەوەی پێویست بوو خۆی وتی.( پێویست بێت وردەکاری ئەو پەیوەندیەش باس دەکەین).

- ئەرێ بەڕاست کاک نەوشیروان چوو بۆ ماڵ ئەم برادەرە یان ئەو ھات بۆ ماڵی کاک نەوشیروان، کێ داوای لە کێ ھەبوو؟ 
کەواتە: کێ لە واقعەکە دەترسا...

کاک نەوشیروان مرۆڤی سەدە بوو، شۆڕشگێڕێکی ژیر، ژیرێکی ئازابوو، مێژوو نووس و لێکۆڵەرێکی گەورەبوو، زمانزان و شارازایەکی سیاسی و یاسای و ئابوری و جوگرافی بوو، ئەو شارەزای خاک و خەڵک و گوڵ و دڕکی کوردستان بوو، ئەو ئەندازیاری ڕاپەڕین و ڕابەری گۆڕانکاری بوو..
ئەوانەشی کە گرێی کاکی ڕەحمەتیان ھەیە بابچنە بەر ئاوێنەو بڵێن: ئەی ئێمە چین؟ 
عەلی حەمە ساڵح

وتاری زیاتر