گومان درووستکردن

لە لایەن مەعروف مەجید27/07/2025

گومان درووستکردن
-یەکێک لە سیفەتی دووڕووان-
#روون_میدیا
کۆمەڵێ خەڵکی بێویژدان و داخ لەدڵ، ناوە بەناوە دەنگێکی نەشازیان لێ بەرز دەبێتەوە، کە ئەو دەنگە بۆنی ناخۆشی ڕۆژە ڕێیەک دەڕوات و ڕێک بۆنی زبڵدان و ئاوەڕۆی لێدێت. دەنگێک لە دژی هەژاران و لێقەوماوان و خزمەتکار بە بێباوەڕان و زاڵمان.
لەوەش سەیرتر، کۆمەڵێکیان، بە پۆشاکی زانای ئیسلامییەوە ئەم قسانە دەکەن، واز لەوانەی تر بهێنن کە هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێ یاری دەکەن.
لەوەش سەیرتر، بەشێک لە کەسایەتییەکانی ناو حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش هاوسۆزی خۆیان دەربڕیوە، کەچی کابرای خۆ بە موسوڵمانزانی عەیارەفول، لە گومانی خراپ بەرامبەریان کۆڵنادات.
ئەمانە هەر بۆ موسوڵمانانی لێقەوماوی غ،ز،ز،ە وانین.
کاتی خۆی و ئێستایش ئەو دەنگە نەشازانە دەیانووت: چی پێویست دەکات ئەو هەموو مزگەوتە لە کوردستان درووست بکرێ! لەبری ئەوە پێویستە قوتابخانە و نەخۆشخانە درووست بکرێ، لە کاتێکدا خۆیان دەیانزانی ئەوانە ئەرکی حکومەتن، نەک خێزخوازان.
ماوەیەکە ئەم زووڕناژەن و قوڕمیشکراوانە دەیانووت: خەڵکی بۆچی دەچن بۆ حەج و عەمرە، با پارەکەی بدرێ بە خەڵکی ئێرە!
لە کاتێکدا بۆ دەیان بۆنە و ئاهەنگی دوور لە کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگا، ملیۆنان دۆلار تەرخان دەکرا و ئەوانیش نققەیان لێوە نەدەهات.
لە ساڵانی ڕابردوودا هەر ئەم ڕێکخراوە ئیسلامییانە و خەڵکانی خێرخوازی کورد چەندین جار لە ڕێگەی ئەمانەوە هاوکاری نێردراوە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و هەندێ ناوچەی تریش، دیارە بەهۆکاری جیاواز، لەبەر ئەوەی ئەمانە ئەڵقە لە گوێی حیزب و کەسانی دەستڕۆیشتوون، نەیانوێرا ووشەیەک بڵێن!
بەڵام بۆ ساردکردنەوەی خەڵکانی دیندار و بە هیممەت، هەر ڕۆژەی درۆیەک بڵاو دەکەنەوە.
گوایە ئەو هاوکارییانە ناگات و دەخورێن. یان گوایە بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاردەهێنرێن!
دەیان قسە و قسەڵۆکی سواوی دیکەیش.
دەی زەحمەت نەبێ، مادەم ئێوە خۆتان بە خەمخۆر و موسوڵمانی(عەیار 24) دەزانن و خۆتان بە دەستپاک دەزانن، وەرن پێشەوایەتی ئەو کارە چاکەیە بکەن، ئەوکات دەزانن دەگات یا نا!
ئەمانە ڕێک ڕۆڵی دووڕووەکانی سەردەمی مەدینە دەبینن، کە نەیاندەوێرا بە ئاشکرا بێدینبوونی خۆیان ڕابگەیەنن و هەر ڕۆژەی درۆیەکیان بڵاو دەکردەوە لەناو موسوڵماناندا.
کاتی جیهاد دەیانووت: ژمارەی کافرەکان زۆرن، ئێوە هیچتان پێناکرێ. ژنەکانتان بێوەژن دەکەوێ و منداڵەکانتان بێباوک! وەکو چۆن ئێستایش هاوڕێبازەکانیان ئەو گومانانە لێرە بڵاو دەکەنەوە، کێ دەڵێ خۆیان نایخۆن! کێ دەڵێ دەگات پێیان! ئەوانە عەرەبن دژی کوردن!
بۆیە، ئەی ئەوانەی دەتانەوێ خێر و چاکە بکەن، چ بۆ ناوخۆ و چ بۆ دەرەوەی کوردستان، گوێ بەو دەنگە نەشازانە مەدەن و چاکەی خۆتان بکەن، خۆ ئەگەر نەیشگاتە جێی خۆی- وا گریمان- دڵنیابن خوای گەورە چاکەکانی ئێوەی لێ وون نابێت. خوایەک بە نییەتی دڵ چاکەت بۆ بنووسێ، ئایا پێت وایە ئەو بەخشینەی تۆ لە بیر بکات؟
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە، نەک ئەو قسە سواوانە کاریگەریان درووست نەکردووە بگرە سوپاس بۆ خوا هێندەی تر خەڵکی گەرمتر کردووە، بەخشینەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دڵخۆشکەرترن، کەواتە تا ئێوە لە دژایەتی چاکەکاری بەردەوام بن، دڵنیابن چاکەکاران ژمارەیان زیاتر دەبێت.
مەعروف مەجید

وتاری زیاتر