سوریا ... خۆبەزلزانین یان نادادپەروەری

لە لایەن شێركۆ سەعید10/12/2025

سوریا ... خۆبەزلزانین یان نادادپەروەری
شێرکۆ سەعید
لەئان و ساتی ساڵ رۆژی سەرکەوتنی شۆرشی سوریەکان (2024/12/8 ) چەند سەرەقەڵەمێک
ئەم پەیامە بۆ ڕونکردنەوەی تەموو مژو غوباری خۆبەزلزانین و نادادپەروەریە کەدەبینرێ و دەبیسترێ لەلایەن هەندی خوێنەر و نوسەر و بێژەر و چاودێر و نیشتمانپەروەرو ئاینپەیڕەو !!
تۆ هەرشتێک هەیت وەک مرۆڤ پێویستە ڕێز لە 45 ساڵ چەوسانەوەی دانیشتوانی وڵاتێک بگریت و 13 ساڵ لەشۆرش و 8 ملوێن ئاوارەو یەک ملیۆن کوژراو نادیارو پەکەوتە بگریت، نابێ سەرکەوتنی ئەوان توشی غروری بەکەم زانینی ئەم شۆرشەت بکات و توشی نادادپەروەریت بکات هەمووی بەهیچ بزانیت
بەستنەوەی هەڵویستی هاوسۆزانی ئەم شۆرشە بە هاوسۆزی ئایدۆڵۆژی, هەم غرور و هەم نادادپەروەریە، چونکە گەر هاوسۆزی دینی بکرێتە هاوسۆزی ئایدۆلۆژی ئەوە هیچ شەرمی تیدانیە و شتیکە ناوکرۆکی دین و مرۆڤایەتی داوای دەکات، لەهەمان کاتدا بۆ ئێمەی کوردی موسڵمانیش هاوسۆزی هاوزمانەکانی خۆمانین داوادەکەین کورد بەهەموو مافەکانی خۆی بگات لەڕێی دانوستان و پێکهاتن و کورد لەڕۆژئاوا هاوشێوەی باشور لە گرێبەستێکی نیشتمانیدا بتوانن ئاشتی و مافە نەتەوەییەکانی خۆی بەدەست بێنێت .
بەستنەوەی شۆڕشی میلەتێک بە (ئەبو محمد جۆلانی و ئەحمەد شەرع)ـەوە هەم غرورە هەم نادادپەروەریی، سوریەکان کاتێ دژی خێزانی ئەسەد بون شەرع لەدایک نەبووبوو، کاتی شۆرشیان دەستپێکرد شەرع مێرد منداڵێک بوو، بۆیە ئەم سەرکەوتن و شۆرشە هی سوریەکانە نەک شەرع .
بتەوێ ناشرینی بکەیت بەشەرعی کۆنە داعشەوە غرورە، لەکاتێکدا ئیستا شەرع لەلایەن داعشەوە بە دوژمنی یەکەم دادەنرێت و کافربونیشی بەسەردا بڕاوە، تاوانبارکردنی شەرع بەتیرۆر نادادپەروەرییە لەکاتێکدا نەپاکتاوو نەکۆمەڵکوژی و نە تۆڵەو نە سڕینەوەی ئەوانی تریش دروشم و پەیامیەتی، ڕابردوش لەگەڵ ڕابردوو ڕۆشتوەو لەکاتێکدا لەڕابردوشدا لەگەڵ بەعس بەپێی شەرع شۆرشی کردوە .
تاوانبارکردنی ئەم حکومەتەو شەرع جارێ بەپیاوی تورکیا و جارێ ئەمریکاو جارێ ئیسرائیل و سعودیە و قەتەر و ئیمارات، بەشێکی زۆری غرورە، لەکاتێکدا کوردەکان لە سوریا ئاشکرایە چۆن چەک و هاوکاری بەدەست دێنن !
پاشان پەلەکردن لە دەرخستنی ئامانجی شۆرش و سەیرکردنی وڵاتێکی داڕماو وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری نادادپەروەیە، لەکاتێکدا 34 ساڵە حکومەتەکەی باشور سیفەتی ساوایەتی لێنەبۆتەوە.
هیچ شۆرش و هێزێک نیە بتوانێت لەهاوکێشە ئقلیمی و جیهانیەکاندا بجوڵێ و حساب بۆ وردو درشتی جوڵەکان نەکات، هەمووشمان (محەمەد مورسی)ـمان لە میسڕ بەوە تاوانبارکرد کە سەربەخۆ سیاسەتی دەکرد تادواجار بە گەلەکۆمەکەیەکی ئقلیمی و حزبە کلک گرێدراوەکانی ناوخۆ بە سیناریۆی زۆرینەی شەقام لەسوچی زیندان توند کرا .
بەشداری نەکردنی کوردی ڕۆژئاوا لە یادی شۆرش لوتکەی غرورە، لەکاتێکدا تۆ داوا لەشۆرش بکەیت بەشی خۆتت لە بەرەنجامی شۆرش پێبدات بەڵام دان نەنێیت بەشۆرشەکەدا ئەمە نادادپەروەریە .
کورد لە ڕۆژئاوا هەژمونی لەناوچەیەک هەیە وەهێزێکی هەیە کە نەدەتوانی بڵێ کۆی چەکدارەکانم کوردستانی سەربەخۆیان دەوێ نە کۆی ئەو جێگایانەش کەبەدەستمەوەیە کوردستانیبە، تەنانەت زۆرێک لە سەرکردەو ئەفسەرانیشی عەرەبن، کەواتە قەسەد چی دەوێت؟!
لەکاتێکدا ئەمریکا و ڕوسیا لەگەڵ حکومەتی سوریا پێکهاتون و داوای بەش و هەژمون دەکەن، لەکاتێکدا دەزانیت تورکیا بەکۆی هەژمونی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری لە گۆڕەپانەکەیەو قەسەد لەگەڵ تورکیا سیاسەت دەکات لەسوریا، لەکاتێکدا کوردی باکور دەیانەوێت لەگەڵ تورکیا لەسەر تورکیایەکی دیموکراتی گەلان ڕێکەوێت کەوات قەسەد چی دەوێت!؟
حکومەتی هەریم و پارتە ئیسلامیەکانی باشور بۆ بێدەنگن هەم لەنزیک بونەوە لەسوریای دوای بەشار هەم نێوەندگیری و کۆکردنەوەی کوردانی ڕۆژئاواو و حکومەتەکەی شەرع؟ دەبینرێت کوردانی باشور ترسنۆکانە و شەرمنانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆزە دەکەن کەبەشێکە لەغرور، بەهەمان شێوە بەرەو ڕوی تورکیا کە دۆخەکە گونجاوە کە کۆی پارچەکانی باکور باشور و ڕۆژئاوا کۆبکرێتەوە لەدۆزێکدا و لە لەقۆناغیکی مێژوویی هەستیاردا پرسی کورد بخرێتە بەر باس و لەهاوکێشەی ڕۆژهەڵاتدا فۆڕمێکی بۆ دابڕێژرێت .
بەگەرانەوە بۆ دەستەواژەی غروری سەرەتا دەبینرێت زۆر کەس و لایەن و کەناڵ لەغروری فکری و سیاسی و نەتەوەیدا دەژین، لەهەر پێگەیەک وینە و بابەتێک لەسەر سوریا و شەرع و شۆرشگێران دەبینرێ جنێۆ باران و تۆمەت باران و دۆسیە دروست کردن و بوختان دەبەخشنەوە، لەکاتێکدا کورد دەبێت حەزی بەگۆڕانکاریەکان بێت تا دۆزی کورد سەرهەڵبدات.
لوتکەی ئایدۆڵۆژی بونە لەقەنارەدان و کوشتنی کۆڵبەر لەسەر سنور نەبینیت بکەرەکەی بەفریاد ڕەس بزانی و ئەوانی تریش بە دوژمن، لەکاتێکدا کورد لە باشور تاڵاوی ڕەشی نۆشی بەدەست ملیشیاکانی عێراق و پشتوانەکانیانەوە .
بەئاهەنگ و بەرەنجام و ڕاپرسیەکاندا دەردەکەوێت گەلانی سوریا خۆشحاڵن بە شۆرشەکەیان, ئیتر ئەم غرورە چیە وات لێدەکات دادپەروەری پێشێل بکەیت، لەماوەی ساڵێکدا ئەوەی لەسوریا کراوە لەئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپیش بەرجەستە ناکرێت، ئەم هەموو گروپ و چەکدارە بخەیتە ناوسوپایەکەوە، کاولکاری و بێکاری و برسێتی و قەرز و گەمارۆ بخەیتە بەر باسی چارەسەر کردن، پێکهاتەکان و بەکارهێنانیان و هەرەشەی زایۆنیەکان و خاپورکردنی کۆی توانای سەربازی سوریا ئەمانە شکستت پێنەهێنێت, کرانەوەو جوڵەی سیاسی دبلۆماسی ئەم ئیسلامیانە گەر دادپەروەری لەوەدا نەخەیتە گەڕ توشی غرورێکت دەکات کەپیش چاوی خۆت نەبینیت .
سەبارەت بەهەندی بانگخواز و ئیسلامخوازو سیاسی ئیسلامی ئەو ترس و شەرم و گومانەی هەتانە سەبارەت بە دەسەڵات و شەرع و هاوڕێکانی، ئایە ئەمە غرورە لەوەی ئەوان کردویانە ئێوە پێتا نەکراوە، یان گومانە لە دەستی هەواڵگری و یاری ژورە داخراوەکان؟
باشە ئەمانە هەموی واتان لێدەکات خۆتان بدەن لەبێدەنگی، لەکاتێکدا هەموو بەگلەیی بوون لە مورسی و غەنوشی کە کراوەنەبون لەڕوی هاوکیشە ئقلیمی و جیهانیەکاندا ئەی لەم کرانەوەیە بۆ دەترسن، لەکاتێکدا میسڕ و تونس و لیبیا و هەموو جیهانی ئیسلامیتان جێهێش تاگورگ بیخوات ئەمڕۆ توشی غرور بون کاتی شورشگێرەکانی سوریا لەگەڵ گورگ یاریدەکەن؟
دەتانەوی بکەوێ تا دوایی پەندی لێوەرگرن یان سەرکەوی تادوایی شانازی پێوەبکەن بڵێن ئێمەش لەگەڵ بووین، لەهەردوو دۆخەکەدا بەجێماون مێژوو ڕەحمتان پێناکات !
گەر شەرع ڕوکەش و یاریزانبێت هەرگیز نابێ کۆی پڕۆسەکە بخرێتە ناو بازنەی گومان، زیاد لە سەد هەزار هێزی چەکدار هەموی بەدوای شەرعدا دەڕۆن بۆ گەمە نێودەوڵەتیەکە و زیاتر لە دەهەزار کادری بۆ خواویست و دڵسۆز هەمووی بەیەکجار سواری قیتاری بیردۆزەی پلانگیری دەکەون هەموویان بەیەک جار ببنە بەکرێگیراو و خۆفرۆش ؟ وەک وتم ئەم شورشە تەنها هی شەرع و چەند هاوڕێیەکی نیە .
ڕەشبینی و بینینی تەنها لایەنە پلانگێرییەکەی خۆی لەخۆیدا غرور و نادادپەروەریە، گەرانەوەی شام و دیمەشق بۆ باوەشی جیهانی ئیسلامی خاڵێکە هەموو ڕەشبینیەکان دەسرێتەوە لەکاتێکدا دیمەشق و بەغداد دڵی جیهانی ئیسلامین، پێشهات و مژدەکانی سیرە زۆر لەوە زیاترن ترس لەپلانگێری بتخاتە ڕاڕایی بێ هەڵوێستی و دژبون و بێ بایەخکردنی کۆی پڕۆسەکە .
#روون_میدیا

وتاری زیاتر