بۆچی حكومەتی هەرێم قەرەبووی چەمچەماڵ ناكاتەوە؟

لە لایەن د. ئیدریس کاریتانی 12/12/2025

سەرەتا نیگەرانی و دڵگرانیی خۆمان دەردەبڕین بۆ گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بەڕێزی چەمچەماڵ، خوای گەورە ئارامی و سەبووریی كەس و كاریان بدات، شیفای بریندارەكان بدات و كارئاسانی بۆ زیانلێكەوتووان بكات. هەروەها دەستخۆشی لە هەموو ئەو خێرخواز و دەزگا و ڕێكخراوانە دەكەین كە هاوكاریی لێقەوماوانیان كردووە، كە ئەمە سیفەتی جوانی كۆمەڵگەی كوردییە و لە ئیسلامەوە فێری بووە و بووەتە هاوكار بۆ هەموو لێقەوماوێك.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە؛ بۆچی حكومەتی هەرێم كە ئەمینداری ماڵ و دارایی و سەروەتی نەوت و گاز و داهاتی خەڵكی كوردستانە، نایەتە مەیدان و لێنەگەڕێت خەڵكی چەمچەماڵ چاویان لە دەستی كەس بێت و قەرەبوویان بكاتەوە؟ لەم ماڵ و داراییە زۆرەی داهاتی كوردستان، كە ساڵانە دەیان پڕۆژەی گەورەی ملیاران دیناری ڕادەگەیەنێت، بۆچی بۆ پڕۆژەی كۆمپانیا كەسییەكان پارە هەیە و حكومەت بۆیان سەرف دەكات، بەڵام بۆ لێقەوماوان نییە؟
پاڵپشت بە داتاكانی "فەرمانگەی میدیا و زانیاری" لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی شارەوانی، (٥ هەزار و ٤٦٥) پڕۆژە جێبەجێكراوە بە تێچووی (٥ ترلیۆن و ٣٢٠ ملیار) دینار، تەنها لە بەشی شارەوانییەكان بووە. لە هەموو وڵاتانی دنیا بودجەی تایبەت هەیە بۆ لێقەوماوان و حاڵەتی فریاكەوتنی خێرا، وە ئەگەر حكومەت نەتوانێت، قەرزی دەوڵی (نێودەوڵەتی) دەكات بۆ هاووڵاتییانی خۆی تا قەرەبوویان بكاتەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكات. پێم وایە حكومەتی هەرێم پێویست ناكات وا لە هاووڵاتیی ئەم وڵاتە بكات چاوی لە خێرخوازی بێت لە كاتی لێقەوماندا.
كاربەدەستانی ئێمە بە ملیۆنان دۆلاریان كۆكردووەتەوە، ئێستا بەدیار كارەساتی چەمچەماڵ و شوێنەكانی ترەوە وەستاون و تەنها بۆ وێنەگرتن سەردانێك دەكەن و بەیاننامەی ناڕەزایی دەردەكەن و چاویان لە خێرخوازانە. تەنها یەكجار نەمانبینی حكومەت كاری حوكمڕانی بكات و بەبێ جیاوازی بە ئەركی خۆی هەڵبستێت. ئازایە داوا لە حكومەتی عێراق بكات بۆ گاز، نەوت، مووچە، قەرەبووی هاووڵاتییان و پاراستنی خاك و سنوورەكان؟ ئەی نازانم حوكمڕانیی ئێوە بۆچییە و بۆ كێیە؟ تەنها بۆ كەس و كار و بنەماڵە و بەرپرسەكانە.
گوتراوە: (شۆڕش هەژار و فەقیر دەیكەن، دواتر سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەكان سەروەتەكەی بەش دەكەن).

وتاری زیاتر