جیاوازی ترەمپ و رۆبۆتێک چییە؟
کاتێک دەسەڵات دەبێتە پارێزەری چەتەگەریی: فایلەکانی ئێپستن چیمان دەربارەی سیاسەتی نوێی جیهانیی پێ دەڵێن؟
د. موئمین زەڵمی
لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی دادی ئەمریکا پەردەی لەسەر ئەرشیفێکی گەورە لادا: زیاتر لە ٣ ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامە، ١٨٠,٠٠٠ وێنە و ٢,٠٠٠ ڤیدیۆی پەیوەندیدار بە "جێفری ئێپستن" و تۆڕە فراوانەکەی بۆ چەوساندنەوە.
تیمی پشکنینی ئەم کەرەستانە لە ٥٠٠ پارێزەر و پێداچوونەوەکار پێکهاتبوون، کە وردبینییان لەو بەڵگانەدا دەکرد کە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکییەوە کۆکرابوونەوە؛ لەوانە کەیسەکانی فلۆریدا و نیویۆرک دژی ئێپستن، دۆسیەی نیویۆرک دژی غیسلەین ماکسوێڵ، لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە گیانلەدەستدانی ئێپستن و چەندین بەدواداچوونی وردی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI).
ئەم رووداوە بێ پێشینەیە، کە لەژێر سایەی "یاسای شەفافیەتی دۆسیەکانی ئێپستن" و بە واژۆی دۆناڵد ترەمپ لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، چەندین دەیەی لە تاوان و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی ئاشکرا کرد کە تێیدا هەندێک لە دەسەڵاتدارترین کەسایەتییەکانی جیهان تێوەگلابوون. لە ڕەشنووسی ساڵی ٢٠٠٧ەوە کە هەرگیز بڵاونەکرایەوە، تا دەگاتە ئەو ڕێککەوتنە "گرنگ و پڕ لە بایەخەی" بۆ سوککردنی سزا لەلایەن ئەلێکساندەر ئەکۆستای داواکاری گشتی ئەوکاتی ئەمریکاوە بۆی ڕێکخرابوو؛ هەموو ئەمانە و شێوازی دەربازبوونی بەردەوامی کەسایەتییە کاریگەرەکان لە لێپرسینەوە، ئاماژە بوون بۆ "داڕمانێکی دامەزراوەیی" کە زۆر لە سنوورەکانی ئەمریکا فراوانترە.
ئێستا و لەکاتێکدا ئەم دۆسیانە لە ئاستی جیهاندا دەستاودەست دەکرێن، گرنگە تێبگەین کە ئەم بەڵگانە تەنها پەردە لەسەر تاوانی تاکەکەسی لانادەن، بەڵکو قەیرانێکی قووڵتر دەردەخەن: ئاساییکردنەوەی سیستماتیکی قێزەونیی و پیسخۆریی و قێزەونیی و خراپەکاریی نوخبەکان و داڕمانیی سنوورە ئەخلاقییەکان لە دامەزراوەکانی جیهاندا.
کاتێک دامەزراوەکان دەبنە پارێزەری چەپەڵییەکان
ئەم شێوازە لە ئاساییکردنەوەی تاوان کە لە دۆسیەکانی ئێپستندا دۆکیومێنت کراوە، تەنها تایبەت نییە بە ڕۆژئاوا. بەڵکو سوککردنی دامەزراوەکان و ئاساییکردنەوەی چەپەڵییەکان شتێکە نزیکە لێمانەوە، هاوشێوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە لێرە هەیە.
ئەم دۆسیانە "پێکهاتەیەک ئاشکرا دەکەن کە تێیدا سامان و دەسەڵات جۆرە پارێزبەندییەک (حەسانە) دروست دەکەن کە سنوورە نیشتمانییەکان دەبەزێنێت. کاتێک دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان بێ سڵمینەوە خراپترین تاوانەکان ئەنجام دەدەن و بێ سزا دەردەچن، پەیامێکی ترسناک بۆ ناو هەناوی کۆمەڵگە دەنێرن: هەندێک کەس لە سەرووی یاساوەن، هەندێک کەس دەتوانن 'هەموو شتێک' بکەن."
ئەم ناسازیی و خراپەکارییە، لە سیستەمە سیاسییە جیاوازەکاندا بە چەندین شێوە ڕەنگ دەداتەوە. بیرتان بێت چەند ساڵی ڕابردوو، لە هەرێمی کوردستان کاتێک لە سەرکردەیەکی سیاسی پرسیار دەکەن بۆچی کەسانێکی بۆ پەرلەمان کاندید کردووە کە دەزانێت نە لێهاتوون و نە چالاک، پاشەڵیشیان پاک نیە، بە بێمنەتییەکی و لاموبالاتییەکەوە وەڵام دەداتەوە: "من دەمەوێت شکۆی پەرلەمان بشکێنم و بیکەمە شوێنێک کە بەهای باشی تێدا نەمێنێت."
ئەگەر لەم قسەیە ورد ببنەوە؛ سەرکردەیەک بە ئەنقەست کواڵێتی دامەزراوە دیموکراتییەکان دادەبەزێنێت، ئەمەش نەک لەخۆڕا، بەڵکو بە پلان و دیزاین. بۆچی؟ چونکە کاتێک دامەزراوەیەک بە کەسانی چەپەڵ و گەندەڵ پڕ دەکەیتەوە، جیاوازییەکە ناهێڵیت. ئەو ئاوێنەیە دەشکێنیت کە ڕەنگە شکستییەکانی خۆت نیشان بداتەوە." ئەم ستراتیژییە خزمەت بە ئامانجێکی دیاریکراو دەکات: "کاتێک ژینگەیەک دەرەخسێت کە تێیدا ڕەفتاری نادروست دەبێتە ئاسایی، کاتێک شتە نائاساییەکان دەبنە باو و گەندەڵی دەبێتە تەنها 'شێوازی کارکردن'، ئیتر خودی دامەزراوەکە لە کەرەستەیەکی چاودێری دەسەڵاتەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵغانێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتداران."
ئەمە هەمان ئەو لۆژیکەیە کە ڕێگەی دا تۆڕەکەی ئێپستن گەشە بکات: "کاتێک هەموو دەوروبەرت تێوەگلاون، کاتێک پێوەرەکان دادەبەزێنرێن و چەپەڵی و خراپەکاریی گشتیی دەبێتە شتێکی ئاسایی، ئیتر هیچ پێگەیەکی ئەخلاقیی بەرز نامێنێتەوە کە لێیەوە حوکم بدەیت."
ئەمریکا بۆ مامەڵە؛ جیاوازی ترەمپ و رۆبۆتێک چییە؟
کردەوەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ وەک کەیسێکی بەرچاو بۆ دەستبەرداربوون لە بەها ئەخلاقییەکان و ئیتیک و ئاکارەکان لە سیاسەتی مۆدێرندا دەردەکەون.
لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک وەزیرانی نەرویج، و دانیماریل ترەمپ نووسیویەتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نەرویج بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نەدات بە من، لەبەر ڕاگرتنی ٨ جەنگ و زیاتریش، ئیتر هەست بە هیچ پابەندییەک ناکەم کە تەنها بیر لە ئاشتی بکەمەوە – هەرچەندە هەمیشە وەک ئەولەوییەت دەمێنێتەوە – بەڵکو ئێستا دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە چی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باش و گونجاوە."
هەرچەندە حکومەتی نەرویج ڕوونی کردەوە کە ئەوان بەرپرس نین لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ و لیژنەیەکی سەربەخۆ بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام ترەمپ رایگەیاند: "نەرویج بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دەکات، سەرەڕای ئەوەی چی دەڵێن با بڵێن."
ئەم دووفاقیی و دووڕویی و پارادۆکسانە قووڵتر دەبنەوە. لە شوباتی ٢٠٢٥دا، ترەمپ کۆبوونەوەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیی لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام دا کە گۆڕا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێتام. کۆبوونەوەکە گۆڕا بۆ دەنگەدەنگ و تێیدا ترەمپ و جێگرەکەی، زێلێنسکییان بە "بێڕێز" وەسفکرد. ترەمپ زێلێنسکی بە "دکتاتۆر" وەسف کرد و ئۆکرانیای بە بەرپرسیار دانا لە جەنگێک کە بە هێرشی ڕووسیا دەستی پێکردبوو.
کەچی تەنها چەند مانگێک دواتر، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، ترەمپ بەوپەڕی ڕێزەوە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە "ئەحمەد ئەلشەرع" کرد. شەرع، کە فەرماندەیەکی پێشووی قاعیدە بوو و بەشار ئەسەدی ڕوخاند، بووە یەکەم سەرکردەی سوریا کە لە دوای ساڵی ١٩٤٦ەوە سەردانی کۆشکی سپی بکات. ئەمە هەمان ئەو کەسەیە کە پێشتر خەڵاتی ١٠ ملیۆن دۆلاری لەسەر دانرابوو و سەرکردایەتی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکرد. لە یەکەم کۆبوونەوەیان لە سعودیە لە ئایاری ٢٠٢٥، ترەمپ شەرعی وەک "گەنجێکی قۆز و توندوتۆڵ، خاوەن ڕابردوویەکی زۆر بەهێز و شەڕکەر" وەسف کرد. دوای کۆبوونەوەی کۆشکی سپیش وتی: "دەمانەوێت ببینین سووریا دەبێتە وڵاتێکی زۆر سەرکەوتوو، پێم وایە ئەم سەرکردەیە دەتوانێت ئەوە بکات. خەڵک دەڵێن ڕابردوویەکی قورسی هەبووە، باشە، هەموومان ڕابردووی سەختمان هەبووە."
ئەم دژایەتییە وەک نیشانەی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی جیهانیدا دەبینم: "سەرکردەیەک کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراوە و بەرگری لە نیشتمانەکەی دەکات، بە ئاشکرا سووکایەتی پێ دەکرێت و بە دکتاتۆر ناودەبرێت، بەڵام فەرماندەیەکی پێشووی “رێکخراوێکی تیرۆریستی” بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێت. پەیامەکە ڕوونە: هیچ پرەنسیپێک لە ئارادا نییە، تەنها بەرژەوەندی؛ هیچ یەکگرتووییەک نییە، تەنها دەرفەتخوازی."
لە راستیدا ئەم ڕەفتارانەی ترەمپ شتێکی مەترسیدارتر لە دووڕووییەکی سادە دەسەلمێنن: "ئەو بە ڕێکەوت نییە؛ ئەو دەیسەلمێنێت کە ستانداردی یەکگرتوویی – واتە پابەندبوونی سەرکردەکان بە پێوەرە ئەخلاقییە جێگیرەکان – ئیتر بەسەرچووە. لە جیهانبینینی ئەودا و لە سیاسەتی جیهانی ئەمڕۆشدا، تەنها دەسەڵات و ڕاوکردنی دەسکەوت بوونی هەیە."
ئەم دۆخە پرسارێکی قووڵ لەبارەی سروشتی فەرمانڕەوایی مۆدێرن لای چاودێران دەورووژێنێت: "جیاوازی نێوان سەرکردەیەک کە تەنها بە لۆژیکی مامەڵەکارانە (تێپەڕاندنی بەرژەوەندی) کار دەکات لەگەڵ رۆبۆتێک چییە؟" با بپرسین: "ئەگەر سەرکردەیەکی لەو شێوەیە بگۆڕین بە رۆبۆتێکی دەستکرد کە تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت و بێ هیچ کۆتوبەندێکی ئەخلاقی پڕۆگرام کرابێت، لە ڕاستیدا چ شتێک دەگۆڕێت؟"
ئەم پرسیارە دەچێتە ناو جەرگەی ئەو چاوەڕوانییەی جیهان لە سەرکردایەتی نوێ و سیاسەتی نوێ هەیەتی. بە درێژایی مێژوو، خەڵک بڕوایان وابووە کە سەرکردەکان شتێک پێشکەش دەکەن کە ئامێرەکان ناتوانن: دانایی، بەزەیی، ئاکار و ئەخلاقی سیاسی، توانای گەشەی هزریی، و تێگەیشتن لە شکۆمەندی مرۆڤ کە لەسەرووی هەموو جۆرە هەژمارکردنێکی رۆبۆتیک و زیرەکی دەستکردەوە.
بەڵام کاتێک سەرکردەیەک تەنها بە لۆژیکی مامەڵەکارانە کار دەکات—دۆستانی پارە و سامان پاداشت دەدات و دوژمنان سزا دەدات، بەدوای دەسکەوتدا دەگەڕێت و گوێ ناداتە یەکگرتوویی هەڵوێست—ئەوا وەک رۆبۆتێکئ ئاڵۆز کار دەکات نەک وەک سەرکردەیەکی خاوەن ویژدان. کاتێک هیچ پرەنسیپێک لەسەرووی بەرژەوەندیی تایبەتەوە نەبێت، هیچ سنوورێک جگە لەوەی دەسەڵات ڕێگەی پێ دەدات بوونی نەبێت، و هیچ پێوەرێک نەبێت جگە لەوەی خزمەت بەو ساتەوەختە دەکات، ئەوا سەرکردایەتی لەگەڵ رۆبۆت و زیرەکی دەستکردن جیا ناکرێتەوە."
تۆڕەکەی ئێپستن ڕێک لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا گەشەی کرد؛ سیستەمێک کە لەسەر بنەمای پەیوەندییە مامەڵەکارانەکان دروست ببوو: دەستگەیشتن بە دەسەڵات لە بەرامبەر بێدەنگبوون، چێژ لە بەرامبەر هاوکاری لە تاوان، و بەکارهێنانی دەسەڵات وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سامان. هەموو ئەوانەی تێوەگلابوون بەپێی ئەو بەرژەوەندییە کاریان دەکرد کە بۆ خۆیان وێنایان کردبوو؛ کەس نەی دەپرسی ئایا ئەمە کارێکی ڕاستە یان نا.
بڵاوکردنەوەی ستراتیژیی بێهیوایی و بێ ئومێدیی
رەنگە خودی بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی ئێپستن خزمەت بە ئامانجێکی ستراتیژی بکات بۆ ئاساییکردنەوەی چەپەڵی و خراپەکاری. واتە لۆژیکەکە بەم شێوەیە کار دەکات؛ ئەگەر هەمووان ببینن کە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان تێوەگلاوی ڕەفتاری قێزەون دەبن بێ ئەوەی سزا بدرێن، ئەوا ئەو جۆرە ڕەفتارانە ئیتر وەک شتێکی نائاسایی نابینرێن، بەڵکو دەبنە ڕەفتارێکی چاوەڕوانکراو لە نوخبەکان. لە ئەنجامدا، خەڵک تووشی جۆرە بێئومێدییەک دەبن و وا دادەنێن کە هەموو سەرکردەکان گەندەڵن، هەموو دامەزراوەکان تێوەگلاون و هەموو بنەما سیاسییەکان و ستاندارد و یاساکان پووچن.
مەترسی گەورە ئەوەیە کە ئەم بێئومێدییە ببێتە پەردەیەک بۆ ڕەفتاری زۆر خراپتر. "دواجار، کاتێک خەڵک دەڵێن 'هەموویان وەک یەکن'، ئیتر بۆچی لەسەر تاوانێکی دیاریکراو تووڕە ببن؟ ئەمە تیۆری پیلانگێڕی نییە، بەڵکو شێوازێکی بینراوە لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا؛ کاتێک دەتەوێت لێپرسینەوە لەناو ببەیت، هەموو گەندەڵییەکان ناشاریتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی بژاردە بەشێکیان ئاشکرا دەکەت بۆ ئەوەی ئەو وێنایە دروست بکەیت کە گەندەڵی شتێکی گشتگیر و حەتمییە."
دۆسیەکانی ئێپستن دەتوانن ئەم کارە بکەن. بەڵێ، ئەوان تاوانەکان ئاشکرا دەکەن، بەڵام هاوکات جیهانبینییەکیش ئاسایی دەکەنەوە کە تێیدا دەسەڵاتدارەکان وەک کارێکی ڕۆژانە ڕاوی بێدەسەڵاتەکان دەکەن. ئەوان ئەو وێنایە دروست دەکەن کە گوایە جیهان لە ئاستە باڵاکاندا هەر ئاوا کار دەکات؛ ئەوان توانای تووڕەبوونی ئەخلاقی دادەڕمێنن و "رازینەبوون" بە "تەسلیمبوون" دەگۆڕنەوە.
باجە مرۆییەکە
لەژێر سایەی ئەم شرۆڤە جیۆپۆلیتیکی و ڕەخنە دامەزراوەییانەدا، ڕاستییەکی زۆر قووڵتر هەیە کە نابێت فەرامۆش بکرێت. چونکە پێم وایە "لە پشت هەر ناوێک لە دۆسیەکانی ئێپستندا، مرۆڤێک هەیە کە شکۆی شکێنراوە، منداڵیی لێ دزراوە و ئەو زەبرە دەروونییەی (تراوما) بەریکەوتووە، تەواوی ژیانی داڕشتووەتەوە. ئەمانە مرۆڤی ڕاستەقینەن—منداڵ و کچانی گەنج—کە بازرگانییان پێوە کراوە، چەوسێنراونەتەوە و لەلایەن پیاوانێکەوە فڕێدراون کە وەک کاڵا سەیریان کردوون."
ئەم دۆسیانە وێنە، ڤیدیۆ و شاهیدی تێدایە کە وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن "ئامێرێک بووە بۆ دەستنیشانکردنی کچانی گەنجی بێدەسەڵات، ڕاکێشانیان بە بەڵێنی درۆ، چەوساندنەوەیان، و پاشان یان بێدەنگکردنیان یان لەناوبردنی ناوبانگیان ئەگەر قسەیان کرد. ئەمە تەنها چەند کەسێکی خراپ نەبوون، بەڵکو 'سیستەمێک' بوو." ئەم ئاساییکردنەوەیەی کە باسی دەکەین ئەمەیە، قوربانی ڕاستەقینەی هەیە. وەک وتراوە: "کاتێک ئێمە ڕێگە دەدەین پێوەرەکان دابڕمێن، کاتێک قبوڵی دەکەین هەندێک کەس لە سەرووی لێپرسینەوەوە بن، ئێمە تەنها خەریکی شرۆڤەی سیاسی نین، بەڵکو بەشدارین لە ڕەخساندنی ئەو مەرجانەی کە ڕێگە دەدەن ئەم جۆرە چەوساندنەوەیە بەردەوام بێت."
دووفاقیی شەفافیەتی زانیاریی
وەزارەتی داد دۆسیەکانی بە ڕێنماییەکی ڕوون بڵاوکردەوە؛ دەستکاریکردن (ڕەشکردنەوەی ناوەکان) تەنها بۆ پاراستنی قوربانییەکان و خێزانەکانیان بێت، و نابێت ناوی کەسایەتییە دیارەکان و سیاسییەکان بشاردرێتەوە. قوربانیان و داکۆکیکاران ساڵانە جەنگیان کرد بۆ ئەم بڵاوکردنەوەیە، چونکە بڕوایان وابوو ئاشکراکردنیان باشترین کارە. بەڵام ئایا تەنها شەفافیەتی زانیاری بەسە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری؟ سەرنج بدەن ئێمە دەستمان بە بەڵگەی بێ وێنەی تاوانەکان دەگات، کەچی لێپرسینەوە هەر وەک خەونێک دەمێنێتەوە. یاداشتی تەمووزی ٢٠٢٥ی وەزارەتی داد ڕایگەیاند کە هیچ لیستێک لایەنی دووەم لەناو دۆسیەکانی ئێپستندا نییە و لێکۆڵەران هیچ بەڵگەیەکی جێی متمانەیان نەدۆزیوەتەوە کە بیسەلمێنێت ئێپستن ئەو کەرەستانەی بۆ هەڕەشەکردن لە ناسراوەکانی بەکارهێنابێت. سەرەڕای بوونی بەڵگەی گەورە لەسەر چەوساندنەوەی بەرنامەبۆدارێژراو کە چەندین کەسی دەسەڵاتداری تێدایە، زۆر کەم کەس ڕووبەڕووی دادگا بوونەتەوە."
دووفاقییەکە لێرەدایە: خەڵک دەستیان بە بەڵگەکان دەگات، بەڵام لێپرسینەوە نیە؛ چونکە تەنها شەفافیەت بەس نییە کاتێک خودی سیستەمەکە بۆ پاراستنی دەسەڵاتداران دیزاین کراوە. دۆسیەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکران، بەڵام ئەو کەسانەی ناویان هاتووە تا ئێستا زۆربەیان لە سزاکان بەدوورن.
جەنگێکی تەواونەکراو
ئەم دۆسیانە جیهانێک ئاشکرا دەکەن کە تێیدا سامان و پارە و پیسخۆریی پارێزبەندی دروست دەکات، دەسەڵات لێپرسینەوە لادەبات، و دامەزراوەکان لەبری ئەوەی کۆسپ بن لەبەردەم تاوان، دەبنە قەڵغان و پارێزەر. جیهانێک کە تێیدا سەرکردەیەک دەتوانێت دان بەوەدا بنێت کە بە ئەنقەست کواڵێتی پەرلەمان دادەبەزێنێت، تێیدا سەرۆکێک دەتوانێت گاڵتە بە هاوپەیمانە دیموکراتەکانی بکات و باوەش بۆ تیرۆریستانی پێشوو بگرێتەوە؛ جیهانێک کە ئاساییکردنەوەی گەندەڵیی نوخبەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە چەوساندنەوەی منداڵان لەلایەن دەسەڵاتدارترین کەسەکانی جیهانەوە، تەنها تووڕەیی بەرهەم دەهێنێت نەک دادپەروەری.
بەڵام خودی ئەو ڕاستییەی کە ئەم دۆسیانە هێشتا بۆ زۆربەمان "جێگای شۆک"ن، نیشانەی ئەوەیە کە جەنگی لێپرسینەوە هێشتا نەدۆڕاوە. بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگانە تووڕەییەکی ڕاستەقینەی لە سنوورەکان تێپەڕاندووە. دەنگی قوربانییەکان دەبیسترێت و پرسیارەکان دەورووژێنرێن. بەراوردکاری نێوان ئەوەی سەرکردەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ مرۆڤە جیاوازەکان دەکەن، تەنها ئەو کاتە دەبێتە مایەی ڕەخنە کە کۆمەڵگەکان توانای بینینی دووڕوویی و داواکردنی یەکگرتووییان مابێت.
ئاساییکردنەوەی چەپەڵی ڕووداوێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەردەوامە. هەر جارێک کە کۆمەڵگەکان بەرامبەر دووڕوویی بێدەنگ دەبن، هەر جارێک قبوڵی دەکەن کە "سیاسەت هەر وایە"، و هەر کاتێک شکستی دەهێنن لە داواکردنی لێپرسینەوە، ئەوا پاشەکشە دەکەن. ئێستا دۆسیەکان لەبەردەستی ڕای گشتین؛ پرسیارەکە ئەوەیە جیهان بەو زانیارییانەوە چی دەکات—ئایا بێئومێدییەکە بەردەوام دەبێت، یان دەبێتە سووتەمەنی بۆ هەڵتەکاندنی سیستەمێک کە بە ڕاستی سنوور بۆ دەسەڵاتداران دابنێت؛ بۆ جیهانێک کە شکۆی مرۆڤ تێیدا جێی مامەڵە نەبێت، بێ گوێدانە سامان و هەژموون. وەڵامی ئەم پرسیارە رەنگە دیاری بکات کە ئایا دۆسیەکانی ئێپستن دەبنە وەرچەرخانێک، یان تەنها دەبنە وەرزێکی تر لە داڕمانیی بەرپرسیارییەتی و سیاسەت و لێپرسینەوە.