گەڕان بەدوای مۆدێلێکی نوێی میدیایی لە جیهانی دیجیتاڵیدا
موحتاج بە چ جۆرە میدیایەكین؟ كامە رۆژنامەنوسمان پێویستە؟ گرنگە چ
جۆرە وەرگرێكبین؟
لە گەڕان بەدوای مۆدێلێکی نوێی میدیایی لە جیهانی دیجیتاڵیدا پرسیارەکە
ئەوە نییە: ئایا پێویستمان بە میدیا هەیە یان نا؟ بەڵکو پرسیارە بنچینییەكە ئەوەیە:
چ جۆرە میدیاو كاریكی ڕۆژنامەگەریی و كام رۆژنامەنوس و چ وەرگرێكمان پێویستە؟
چونکە لێشاوی زۆری ناوەڕۆکی میدییایی و خێرایی هەواڵەکان و فرەیی پلاتفۆرمەکان،
مەرج نییە بووبێتە هۆی هۆشیاریی زیاتر، بەڵکو زۆرجار بووەتە هۆی سەرلێشێواوی و
چەواشەكاری گشتی و فراوان، بەشیوەیەكی نەرم و بە ڕیكاری ئاساییکردنەوەی
ڕووکەشگەرایی، تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی خودی راستی ڕووداو زانیارییەكان پێویستیان
بە کەسێکە بەرگریان لێ بکات.
* ئەو میدیایەی كە دەمانەوێت
+ دەمانەوێت میدیایەکمان هەبێت کە پێشەنگی جیهانی دیجیتاڵی بێت و دوای
سۆشیالمیدیا نەکەوێت و لەسەر بێبایەخییەکانی سۆشیالمیدیا نەژی. میدیایەک کە پێشەنگ
بێت نەک پاشکۆ، زەوقی گشتی پەروەردە بکات و ئاستی هۆشیاری بەرز بکاتەوە.
+ پێویستمان بە میدیایەکە بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت: لێرەدا جیاوازین،
لێرەدا ڕاستی دەکەینەوە، لێرەدا بەرز دەبینەوە. میدیایەک کۆتایی بەو تێکەڵبوونە
مەترسیدارەی نێوان كاری ڕۆژنامەگەری و دەنگۆو واتەوات بهینیت ، كۆتایی بە تێكەڵبونی هەڵخەڵەتینەری نێوان
زانیاری و ترێند بهێنێت.
+ میدیایەکمان دەوێت کە تەنها هەواڵ
نەگوازێتەوە، بەڵکو خۆی وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر ببینێت. میدیایەک
کە لە کاتی جیهانگیریدا بەرگری لە ناسنامەی نیشتمانی و مێژووی وڵات بکات و وەک
سەرمایەیەکی شارستانی پیشانی بدات.
+ هەروەها دەمانەوێت تیشک بخاتە سەر
تواناکانی زانستی، ڕۆشنبیری و هونەری، تیشك بخاتە سەر فەرهەنگ و ئاینی نەتەوەكەی نەک
بۆ ناوبانگێکی کاتی، بەڵکو بۆ بونیادنانی قودوە و نموونەی باڵا. میدیایەک کە
متمانە بەخۆبوون لای تاک دروست بکات و کۆمەڵگە لە وتاری نائومێدی بپارێزێت.
+ میدیایەك كە لە ئێستادا ئێمە دەمانەوێت،
کات بەسەربردنێکی فیکری یان نۆستالژیایەکی ڕۆمانسی نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو مەرجێکی
بنەڕەتییە بۆ هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی، ئامرازێکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی هۆشیاریی
بەکۆمەڵ و بەربەستێکی ئەخلاقییە لەبەردەم یاریکردن بە زانیاری و عەقڵ و
بیركردنەوەی وەرگر. ئێمە داوای میدیایەكی نموونەیی (ئایدیالی) ناکەین، چونکە ئەوە
خەیاڵە، بەڵکو داوای میدیایەك دەکەین کە سەرەتا لەگەڵ خۆی، دواتر لەگەڵ
جەماوەرەکەی و پاشان لەگەڵ کۆمەڵگەدا ڕاستگۆ بێت.
+ دەمانەوێت میدیایەك هەبێت کە ناوەڕۆکەکەی
وەک سەرچاوەیەکی جێی متمانە و فەرمی بۆ مەعریفە و شیکاری سەیر بکرێت، نەک وەک
بابەتێکی تێپەڕ. دەمانەوێت میدیایەک بێت ئاماژەی پێ بدرێت، نەک تەنها بەکاربهێنرێت
و لەبیر بکرێت.
+ ئەو میدیایەی كە دەمانەوێت، وەرگر تەنها
وەک ژمارەیەک لە ئاماری بینین و هەواڵیش وەک کاڵایەکی خێرا نابینێت. میدیایەك بێت
تێبگات کە هەواڵی بێ خاون ڕەنگە لە درۆ مەترسیدارتر بێت، ناونیشانی سەرنجڕاکێش
ڕەنگە بینەری کاتی زیاد بکات، بەڵام متمانە لەسەر مەودای دوور دەکوژێت. میدیایەك
کە جیاوازی بکات لە نێوان خێرایی و پەلەپەلکردن، لە نێوان بوێری و سەرکێشی، لە
نێوان ڕەخنە و ناوزڕاندن.
+ دەمانەوێت میدیایەك بێت کە بە تەواوی
ملکەچی داواکارییەکانی بازاڕ و لۆژیکی ڕیکلام نەبێت، هێڵە گشتییەکانی بەپێی ویستی سپۆنسەر یان
"ئەلگۆریتمەکان" دانەڕێژێت. میدیایەك بزانێت کە سەربەخۆیی تەنها دروشمێک
نییە، بەڵکو پراکتیکێکی ڕۆژانەی پڕ تێچووە، بزانیت متمانە بە هێواشی دروست دەبێت،
بەڵام بە خێرایی دەڕووخێت ئەگەر پیشەکە کورت بکرێتەوە لە وروژاندن و لایەنگریی
کوێرانە.
+ دەمانەوێت میدیایەك بیت تەنها بۆ خستنە
رووی ناونیشانەکان نەبێت و پاشان ناوەرۆك وەلا بنێت، بەڵکو هێندە بایەخ بە
بابەتەکانی بدات کە وەرگر ناچار بکات لە ناو سەرچاوەی زانیارییەكانیدا جێگەی بۆ
بکاتەوە و وەک سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو هەمیش بۆی بگەڕیتەوە. لە بەرامبەریشدا، میدیایەكمان
دەوێت کە وەرگر بێزار نەکات، بەڵکو بەهۆی "بەها"وە سەرنجی رابكێشتیتەوە.
ناوەڕۆکەکەی هیندە پڕزانیاریبێت ئەمڕۆكە بینیت و گویتلێگرت یان خویندتەوە و
بەیانیش دووبارە بۆی بگەڕێیتەوە، چونکە ئەو پرسیارانەی دەیوروژێنێت بە کۆتایی
هاتنی هەواڵەکە کۆتایییان نایەت.
+ ئەمەیە ئەو میدیایەی دەمانەوێت: میدیایەک
کە وڵات و ئاین و بەها و فەرهەنگ و مێژووەکەی لە چەقی پەیامەکەیدا بێت، نەک لە
پەراوێزدا.
* ئەو ڕۆژنامەنوسەی كە دەمانەویت
لەناو میدیاكانیشدا ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیاكارەمان دەوێت كە تەنها گوێزەرەوەی
زانیاری یان خوێنەرەوەی بەیاننامەکان نەبیت، بەڵکو کەسێکبێت پێش ئەوەی بڵیت یان
بنوسیت بیر بكاتەوە، پێش ئەوەی حوکم بدات بخوێنێتەوە، پێش بڵاوکردنەوە دڵنیا بێتەوە.
ڕۆژنامەنووسێک کە بزانێت وشە "هەڵوێستە"، و تێکەڵکردنی ڕا و هەواڵ
خیانەتێکی دووسەرەیە: هەم لە ڕاستی و هەم لە خوێنەر.
ڕۆژنامەنووسێک کە خاوەن مەعریفە بێت و تێبگات کە سەربەخۆیی بەواتای
دوژمنایەتی هەمیشەیی نایەت، و نزیکی لە کێشەکانی خەڵک بەواتای کەوتنە ناو داوی
"پۆپۆلیزم" نییە.
* ئەو وەرگرەی كە دەمانەوێت
ناتوانرێت باس لە میدیاو كاری ڕۆژنامەگەریی بەرپرسیار بکرێت بێ بوونی
وەرگر (خوێنەر و بینەرو بیسەر) ێکی بەرپرسیار. ئێمە پێویستمان بە جەماوەرێکی
هۆشیارە کە هەموو شتێک بەبێ پرسیار قوت نەدات، بەشدار نەبێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بەهۆی سۆز یان ڕقەوە.
دەمانەوێت وەرگر تەنها بەدوای ئەوەدا نەگەڕێت کە بیروبۆچوونە
پێشوەختەکانی پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵکو کراوە بێت بۆ پرسیارە بێزارکەرەکان و ڕا
جیاوازەکان. تێبگات کە ڕەخنەگرتن بەواتای خیانەت نایەت و ڕۆژنامەگەریی جیدی ڕەنگە
هەمووان ڕازی نەکات، بەڵام خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی دەکات.
* كام ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەمان دەویت
ئەو ئازادییەی دەمانەوێت، ئازادییەکی بەرپرسیارانەیە کە ڕۆژنامەنووس
لە سەرکوتکردن دەپارێزێت، کۆمەڵگە لە پاشاگەردانی دەپارێزێت، ڕاستی لە
دەستکاریکردن دەپارێزێت. ئازادییەک کە مافی پرسیارکردن و ڕەخنەگرتن گەرەنتی بکات
بەبێ ئەوەی ببێتە پەردەیەک بۆ سوکایەتی یان تەسفیەحیساب.