ڕۆژی ٣٤ـەمینی هێرشەکان بۆ سەر ئێران چى ڕویداوە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ٣٤ـەمین ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێراندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پڕۆسەی «تووڕەیی داستانی» (Epic Fury) کردەوە تا ئەو کاتەی تەواوی ئامانجەکانی ئەمریکا بەدی دێن. لە بەرامبەردا، ئێران هێرشێکی نوێی کردە سەر ئیسرائیل و تێیدا مووشەکی هێشوویی بەکارهێنا.
لێدوانە سیاسییەکان
دۆناڵد ترەمپ: ڕایگەیاند کە «ئێران ماوەی ٤٧ ساڵە هاواری مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات». دووپاتیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا ئێرانی وەک «دەوڵەتی یەکەمی پشتیوانی تیرۆر لە جیهان» کردووەتە ئامانج و هێزی دەریایی ئێرانیش نەماوە و ون بووە.
ئیبراهیم زولفەقاری (وتەبێژی بارەگای خاتەم ئەنبیا): ئاژانسی «تەسنیم» لە زاری ناوبراوەوە بڵاویکردەوە: «زانیارییەکانی دوژمنی سەهیۆنی-ئەمریکی سەبارەت بە قەبارەی تواناکانی سوپا و کەرەستە سەربازییەکانمان کەم و ناتەواوە، ئەوان هیچ لە توانا فراوان و ستراتیژییەکانمان تێناگەن.»
پەرەسەندنە مەیدانییەکان
ئیسرائیل: بەرگریی شارستانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ١٥ ناوچەی «ئێسەبۆع هەتجەلیل» لێدراوە بەهۆی هەڵدانی مووشەک لە لوبنانەوە. هەروەها ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان باس لە کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک دەکەن لە شارۆچکەیەکی نزیک «کريات شمونة».
تەل ئەبیب: میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە پاشماوەی مووشەکێکی هێشوویی ئێران لە ١١ شوێنی جیاوازی تەل ئەبیب کەوتووەتە خوارەوە، و هەواڵی برینداربوونی چەند ئیسرائیلییەک هەیە.
لوبنان: هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی ئێران، حیزبوڵا هێرشێکی مووشەکیی ئەنجامدا و ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیلی کردە ئامانج. لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان.

ژمارەی خوێندراو : 89 جار

هەواڵی زیاتر