کێ دوژمنی خەڵکی ھەژاری کوردستانە؟

لە لایەن لەتیف مستەفا 18/07/2022

کێ دوژمنی خەڵکی ھەژاری کوردستانە؟

لەتیف مستەفا


با حیسابێک بکەین :
١- لە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٥ لە ھەموو ئەوناوچانەی لە ژێر دەستی شۆڕشدا بوون خەڵک لە کولەمەرگی و مەمرەو مەژیدا ئەژیا، تەنەکەیەک نەوت بە ٦٠٠ فلس بوو ڕۆژانەی کرێکارێک ئەگەر ئیشێک ھەبوایە بە ٣٥٠ فلس بوو ، بەرپرسەکانی شۆڕشیش لە ئەندامی ڕێکخراوەوە تا سەرەوە ژیانی پاشایانە دەژیان .
ماڵمان لەماوەت بوو بیرمە چۆن ئەو کاتیش خەڵک باسی زوڵم و دزی و ڕاوو ڕوتی ھەندێک لە بەرپرسەکانیان دەکرد .


٢- لەساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ كرا تاوەکو ١٩٩١ کە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسی فاشیدا بوین، سەرەڕای چەوسانەوەی نەتەوەیی، بەڵام ھەرزانی و فەرحانی ھات و کەس فەقیر و برسی نەما، جگە لە دیکتاتۆریەت و نەبونی ئازادی خەڵک لە ھیچی کەم نەبوو . عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی ھەبوو،تا ڕادەیەک ھەژاری و بێکاری نەما .


٣- لە ساڵی ١٩٩١ تاساڵی ٢٠٠٣ کە دوبارە ڕزقی خەلک کەوتەوە بەردەستی بازرگانانی کوردایەتی و شۆڕش، دوبارە خەلک برسی بونەوەو و بە کوێرەوەری ژیانیان بەسەر دەبرد چەندین کەس بە غازی خەڵوز خنکان، بەرپرس و ژن و منداڵەكانیشیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفاو سەفەری ولاتان بوون .


٤- لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ کە دوبارە موچەو پارەمان لە بەغدای دوژمنەوە بۆ دەھات جارێکی تر بوژاینەوە و، ھەرزانی ڕوی لە وڵات کردو فەقیر ئاھێکی بەبەردا ھاتەوە .


٥ - لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە کە دوبارە موچەو قوتمان کەوتەوە ژێر دەستی پارێزەرانی مافی خەڵک و کوردایەتی جارێکی تر قوتیان بڕین سوکایەتی نەما پێمان نەکەن خۆشیان لەوپەڕی سەڵتەنەت و عەنعەنتدا دەژیان .


٦- لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە سەرەڕای ئەوەی جارێکی تر بەغدای دوژمن پارەی خەڵک و موچەخۆران بەتەواوی دەنێرن کەچی ئەوەندە چاو قایمن خیانەت و دزی ھەم لە خەڵک و ھەم لەبەغداش دەکەن و بە حەرامی بەقوڕگی خۆیان کۆمپانیاکانیان و دەست وتاقم و بنەماڵەو كوڕو نەوەكانی خۆیانیدا دەکەن .


٧- کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ نەبوون و ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکەیان رادەست نەکرد، حکومەتی بەغدا بە ناچاری و دوای زیاتر لە ساڵێک و چوارا مانگ و دابەزینی نرخی نەوت بودجەی ھەرێمی وەستاند بە شێوەی کاتی و ٤٠٠ ملیاری وەک نیاز پاکی نارد، کەچی سەرانی ھەرێم لەجیاتی ئەو پارەیە بدەنە موچەخۆران و بچن لەگەڵ بەغداش رێک بکەون پارەکەیان حەپەلوش کرد .


بەو حیسابەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بەتایبەتی چینی زۆرینەی میللەت ،ھەرکاتێک لە ژێر دەسەڵاتی بەناو خەباتگێڕانی مافی خەڵکی کوردستاندا بوبین برسی کراوین و سوکایەتیمان پێکراوە ، ھەرکاتێکیش لە ژێر دەستی دوژمندا بوبین و قوتمان بەدەست ئەوان بوبێت تێرو پڕبووین .
ئەوەی سەیریشە لە ساڵی ١٩٦١ یشەوە بەوە ھەڵماندەخەڵەتێنن کە ئەوان بۆ مافەکانی ئێمە خەبات دەکەن .

وتاری زیاتر