بژاردەی كشانەوە، كە سەدر لەپڕدا بڕیاری لێ دا، لە مەودای نزیكدا گورزی گەورەی لە ڕەوتەكەی داوە؛ لە لایەك 73 پەرلەمانتاری كردە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتێكدا ئەو پەرلەمانتارانە هەڵمەتێكی گەورەی هەڵبژاردنیان بەڕێوە بردووە و گفتی جۆراوجۆریان بە خەڵك داوە، هەروەها بەئەستەم و لە كێبركێیەكی تونددا بردنەوەیان مسۆگەر كردبوو؛ لەگەڵ ئەم پەرلەمانتارانەیشدا نزیكەی 1200 پاسەوانی پەرلەمانتارەكان بێكار و بێبەش بوون لە ئەركی پاسەوانی كە ئەوانەیش لەلایەن پەرلەمانتارەكانەوە دیاری دەكران. لە لاكەی تر لەشكرێك خەڵكی چینی ناوەڕاستی بنكەی ڕەوتی سەدر بەنیازی وەرگرتنی پۆستی باڵا و كەڵكوەرگرتن بوون لە كابینەی نوێی حكوومەت و لە یەكەمبوونی ڕەوتەكە لە هەڵبژاردن؛ سەرجەمیشیان سەردەمێك مەست و شاگەشكەی خۆشبینی و گەشبینیی ئەوە بوون كە لەمە بەدوا "سەردەم، سەردەمی سەدرییەكانە"، بەر لەوەی كتوپڕ و بەخێرایی خۆیان لە ڕیزی ئۆپۆزیسیۆن و لەنێو تانەوتەشەر و دەستبەدڵداهێنانی نەیارانیاندا ببینەوە.