فەیس ئەپ، سیخوڕە نوێیەکەی فەیسبوک لە بەکارھێنانی ئاگاداربن

15/07/2019

 

شاخ پرێس: 


شارەزایەکی ئاسایشی ئینتەرنێت ھۆشداری دەداتە لە بەکارھێنانی بەرنامەی فەیس ئەپ و دەڵێت "بەرنامەکە مافی گەیشتن بە تەواوی وێنە عەمبارکراوەکانی بەکارھێنەر لەسەر ئامێرەکەی وەردەگرێت".


٨٢ ملیۆن بەکارھێنەر تەنھا لە ١٢ کاتژمێری کەوتنەکاری بەرنامەکە، داھاتێکی خەیاڵییان بۆ ملیۆنێرێکی ڕوسی بەناوی یارۆسلاڤ گۆنتشارۆڤ دەستەبەر کردووە.
ئاسۆ وەھاب، ڕاھێنەر لەبواری ئاسایشی ئینتەرنێت و ئەندامی تۆڕی عێراقی بۆ میدیای خەڵک، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەرنامەکە لێت دەخوازێت زانینی IP Address ی ئامێرەکەت و شوێنی جوگرافیت و زانیارییەکانی پەیوەندیت بە تۆڕی نێتەکەت بزانێت”.


ئەو شارەزایەی بوارەکە وتیشی، بەرنامەکە ھاوبەشی زانیارییەکانت دەکات لەگەڵ لایەنی سێیەم و شیکار و شیتەڵکردنی زانیارییەکانت، لەگەڵ سەردانەکانی ئەم دواییەت بۆ Web Pages ی سەر تۆڕی جیھانی ئینتەرنێت.


“بەرنامەکە چاودێری ھەموو ئەو ماڵپەڕانە دەکات کە سەردانت کردووە، ھەروەھا ئەو بەرنامانەی دیکەش کە بەکارت ھێناون و زانیارییەکانت دەنێرێت بۆ کۆمپانیا”، ئاسۆ وەھاب وای وت.


جەختی لەوەشکردەوە، ئەو کۆمپانیایەی بەرنامەکە. دروستکردووە، بەکارھێنەر مافی ئەوەی دەداتێ مەمەڵە بە زانیارییەکانی بکات لەگەڵ کۆمپانیا ھاوبەشەکانی و ئەو کۆمپانیایانەی دەیکڕن.


ئەو ڕاھێنەرەی بواری ئاسایشی ئینتەرنێت ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی فرۆشتنی ئەم بەرنامەیە بە کۆمپانیای دیکە، خاوەندارێتی ھەموو زانیارییەکانی دیکەش دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای دووەم، ھەروەھا لە ئێستادا زانیاری ئەوانەی ئەم بەرنامەیان بەکارھێناوە، لە ئەمریکایە، کۆمپانیا تەواوی مافی ئەوەی ھەیە زانیارییەکان بگوازێتەوە بۆ ھەر وڵاتێکی تر کە خۆی پێی باشە.


ھەروەھا ھۆشداری ئەوەشیدا کە کۆمپانیا، ئاسایشی زانیارییەکانی بەکارھێنەر ناپارێزێت کە ھاوبەشت کردووە لەگەڵ بەرنامەکەی، ھاوکات ھیچ گرنتییەک نادات دەستکاری بکرێت و بخوێندرێتەوە لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە.


لە کۆتاییشدا ئاسۆ وەھاب جەختی لەوە کردەوە، بایەخی شوناسی دیجیتاڵی، کەمتر نییە لە بایەخی شوناسی کەسێتی، ھاوکات ئەم شوناسە لەوانەیە بەکار بھێنرێت بۆ مەبەستی دیکە.


بەرنامەی فەیس ئەپ، ئەو بەرنامەیەیە کە لە ڕێگەیەوە وێنەی کەسێتی دەدەیتێ و وێنەکەت دەگۆڕێت بۆ کاتی پیربوونت، لە ئێستاشدا لەنێو کوردانی بەکارھێنەری فەیسبووک ئەو بابەتە زۆر بڵاوە.

ژمارەی خوێندراو : 347 جار

هەواڵی زیاتر