مامۆستایەكی زانكۆ رەخنە لە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا دەگرێت

11/03/2023

ئەگەر مامۆستایەکی زانکۆ هەبێت، بە بۆنەی ڕۆژی ٨ی مارسەوە، ١٠ نمرە بدات بە هەموو خوێندکارە/قوتابییە مێینەکانی، ئێوە چی دەڵێن، ئایا کارێکی ڕەوای کردووە؟ یان ناڕەوا؟
................................
ئەڵێ وەزیری خوێندنی باڵا ڕێنمایی کردووم! 
............
ئەوەی سەرەوە نووسیومە، ڕووی نەداوە، بەڵام ئەم نووسراوەی خوارەوە، هی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵایە و لەسەر وەزن و قافیەی ئەوەیە کە نووسیومە، چونکە ئەوە دوو ساڵە، وەزیری خوێندنی باڵا، لەم رۆژدا سوپاسنامەی وەزیر، دەبەخشێتە هەموو مێینەکانی وەزارەت، بەبێ جیاوازی و بەبێ بوونی هیچ داهێنان و شایستەییەک، تەنها لەبەرئەوەی مێینەن، ئەمە لە ڕاستیدا، بە ناڕاستەوخۆ لاواز نیشاندانی مێینەکانە، و دڵدانەوەشیانە کە مێینەن، لەکاتێکدا لەناو ئەم وەزارەتەدا، ژنان هەر لە مامۆستا و پرۆفیسۆر و توێژەرانەوە هەموویان بەرامبەر ڕەگەزی نێرینە لە ماف و پلە و پۆست و موچە و توێژینەوە و پلە بەرزکردنەوەدا یەکسانن بەرامبەر نێرینەکان، و مافی تەواوی خۆیان وەرگرتووە، و زۆربەی سەرۆک زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەشەکان لە هەندێک زانکۆدا هەر ژنانن. پێدانی سوپاسنامە تەنها لەبەرئەوەی ژنن و مێینەن، لەڕووی یاسایی و فێمێنیستییەوە زۆر بێ مانایە، و دەبێت فێمێنیستەکان خۆیان ئەم لاوازنیشاندان و دڵنەواییکردنەی وەزیر قبوڵ نەکەن! باشە ئەگەر ساڵێکی تر، مامۆستایەکی پیاو هات و ١٠ نمرەی دا بە هەموو فێرخوازە مێینەکان، بە زیرەک و نازیرەکەوە، وەزیر و زانکۆ چۆن دەتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن، و بڵێن نادادی و موو نەرمییە! لەکاتێکدا لە وەزارەتەوە ئاوەکە ڕێژراوە! کێ کۆی دەکاتەوە؟! لە هەموو دنیادا کار بۆ هاوسەنگی ماف و ئەرکی مێینە و نێرینە دەکرێت، و بەحساب پارسەنگی مێینە جارێ ڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام لێرە وا بارەکە و پارسەنگەکە بەلای نێرینەدا نەک هەر لار دەکرێتەوە، بەڵکو بەتەواوەتی ناپارسەنگ دەکرێتەوە،و  مافی نێرینەکانی ناو وەزارەت و زانکۆکان لە پلە و پۆست و پێدانی سوپاسنامەی شایستەدا دەخورێت، ئەمەش بە ئینگلیزی پێی دەوترێت Gender imbalance !

ژمارەی خوێندراو : 322 جار

هەواڵی زیاتر