کاتی گەیشتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە بەغداوە ڕاگەیەندرا

22/07/2019

شاخ پرێس: 

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "سبەی سێ شەممە ٢٣ ی تەموزی ٢٠١٩ بڕی ئەو پارەیەی کە مانگانە لە بەغداوە بۆ موچەی فەرانبەران دەنێردرێت، دەگاتە ھەرێمی کوردستان" .

ئەحمەد حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری کۆمەڵ و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شاخ پرێس ی ڕاگەیاند "دوای بەدواداچوونم بۆ ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارە لە بەغداوە، پێیان ڕاگەیاندم کە سبەی ئەو پارەیە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت" .

سەبارەت بە دواکەوتنی ناردنی پشکی ھەرێم، ھۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە "کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق کرد ، پێی راگەیاندم کە سبەی سێشەممە پشکی ھەرێم دەنێردێت".

وتیشی "ھیچ خەلەلێک نیە بەڵکو مانگانە کە وەزارەتی دارایی کاتێک دەست دەکات بە دابەشکردنی موچە چەند رۆژێکی پێدەچیت دواکەوتنی چەند رۆژێک مانای بونی گرفت یا کێشە نیە"

بەپێی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێویستە حکومەتی عێراق مانگانە ٤٥٢ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە بکات . تا ئێستاش بەشێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم موچەی مانگی نیسانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە .

پێشتریش پەرلەمانتارێکی کورد بۆ شاخ پرێس ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی موچەخۆرانی ھەرێمی لە بەغداوە بۆ فواد حسێن وەزیری دارایی عێراق گێڕایەوە .

ئەو پەرلەمانتارە کە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکەینەوە وتی "فواد حسێن ھەموو مانگێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ناردنی موچەی فەرمانبەران، بەگەشتێک دەچێتە دەرەوەی وڵات، فواد حسێن ئەوەندەی بە ئاسمانەوەیە ئەوەندە لەسەر زەوی نیە و لە وەزارەت دەوام ناکات"

ژمارەی خوێندراو : 294 جار

هەواڵی زیاتر