بەڕێز سەرۆك ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، محمد شیاع سودانی
پاش ڕێز و سڵاو و هیوای سەرکەوتن
لەدوای فرۆشتنی نەوت و بڕیاری ئابوری سەربەخۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە گرفتی گەورە بۆ مووچەکانمان دروست بوو، تا ئێستاش بەردەوامە. بۆیە ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لە پێناو داخوازیە سەرەتاییەکانماندا کە مووچەکانمانە، نزیکەی دە ساڵە تەواوی ڕێگا مەدەنیەکانمان لە خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و فەرمانگەکان گرتۆتە بەر. لە هەمان چوارچێوشدا، چەندین جار سەردانی بەغدادی پایتەختمان کردووە تاوەکو کیشەی مووچە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەربکرێت و دوور بێت لە ململانێی سیاسیی و دەستی حیزبیی هەرێمی کوردستان. کە بەداخەوە لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا تا ئێستا حکومەتی هەرێم بە ناوی پاشەکەوت و لێبڕینەوە نزیکەی ٥٠ مووچەی مووچەخۆرانی نەداوە و قەرزاری مووچە خۆرانە. بۆیە ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆران گەشتینە ئەو باوەڕەی کە تاكە چارەسەر تەوتینکردنی مووچە و پێدانی مووچەی ڕاستەوخۆیە لە رێگەی بانکە فیدراڵیەکانەوە. خۆشبەختانە دادگای فیدراڵیی لەبەرواری ٢١/٢/٢٠٢٤ بڕیاری تەوتینکردنی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.
ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە هەنگاوێکی مێژوویی دەزانین بۆ زامنکردنی مووچەکانمان و دەرهێنانی لەدەستی ئەو دەسەڵاتەی چەندین ساڵە نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران دەکات. لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەژماری منەوە دەیەوێت بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵیی رووتکاتەوە لە ناوەرۆکەکەی و مووچە لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و وەك ڕابردوو یاری بە قوتی مووچەخۆران بکات و لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکاری بهێنێت.
بۆیە بەوپێیەی کە بەڕێزتان بەرپرسی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵیین، هەروەها بەپێێ دەستوری هەمیشەیی عێراق (ماددەی ١١٠، بڕگەی سێهەم) سیاسەتی دارایی گشتی عێراق لە دەسەڵاتە حەصرییەکانی حکومەتی فێدڕاڵییە، داواتان لێدەکەین کاری جدی لەسەر تەوتینکردنی مووچەکانمان بکەن. ئەویش تەنها لە رێگەی بانکە حکومییە فێدڕاڵییەکانەوە نەك هەژماری منی حکومەتی هەرێم. کە زۆرترین مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەدی دەکەنەوە و نایانەوێت جارێکیتر مووچە لە ژێر دەستی حکومەتی هەرێمدا بمێنێت و بەناوی هەژماری منەوە، بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵیی بۆ تەوتینکردنی مووچە لە بار ببرێت.
داواش دەکەین لێپرسینەوە لە هەموو ئەو بەرپرسانە بکرێت، لە هەرێمی کوردستانبن یان لە بەغداد، کە گرفت بۆ تەوتینکردنی مووچەکانمان دروست دەکەن و نایانەوێ بڕیاری دادگای فیدراڵی وەك خۆی جێبەجێ بکرێت.
لەگەڵ ڕێز و سوپاسماندا
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان
١٢/١١/٢٠٢٤
تێبینی:ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ئەنجومەنێکی فراوانە نوێنەرایەتی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایەو سەرپەرشتی تەواوی خۆپیشاندانە مەدەنیەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە لە دەساڵی ڕابردوودا
ژمارەی خوێندراو : 109 جار