دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی:

لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵی ڕوداو سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی بەناو کەوتووە و ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات بەبێ ئەوەی هیچ پسپۆڕییەکی لەبوارەکەدا هەبێت.   

لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بەنووسراوی ژمارە ( ١٩٠٦٧٧ ) دەکات کە لە ( ٢٠٢٤/١٠/٨ ) لە فەرمانگەی بوودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) بەبڕی ( ٩،٠٩٠،٧٦٥،٠٠٠ ) نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوتسەد و شەست و پێنج هەزار دینار لە نێوان ( موازنة الأبواب ) ( ٤٠/٩/٥ ) لە فەرمانگەی بوودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لەسەرتاسەری عێراق.   

وەک وەڵامێک بۆ چەواشەکاریە بەردەوامەکانی سۆران عومەر و لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم ڕاستیانە بخەینەڕوو.    
 ١- ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە تەرخان کراوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نەک تەنها هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەی هاوپێچدا لەخوارەوە ڕوون کراوەتەوە.

٢- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ( ١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠ ) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ )، لەو ڕوەشەوە ئێمە بەنووسراوی ژمارە ( ٧٠٦٦ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٤ )  کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە و کاری خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تەمویل کردنین.

٣- وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیە تەنها بڕیاری گواستنەوە ( المناقلە ) دراوە، تا پارەکە تەمویل نەکرێت بۆ سەر هەژماری بانکیمان ناتوانرێت هیچ ڕێکارێکی خەرجکردنی بۆ ئەنجام بدرێت.

بۆ بەئاگا هێنانەوەی سۆران عومەر ( تکایە بەدیقەت نووسراوەکە بخوێنەرەوە ئەوە بڕیاری مناقەلەیە نەک تەمویل) و هەموو ئەو کەسانەی بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتی دارایی و ژمێریاری دەکەن، تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان. 

ژمارەی خوێندراو : 43 جار

هەواڵی زیاتر