داڕشتنەوەی سوپای سوریا
تەحەددای یەکڕیزی و ئالەنگاری توند
لەناو دیمەنێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازیدا، سەرکردایەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پلانێکی بۆ داڕشتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکەی ڕاگەیاند، ئامانجی یەکخستنی کوتلە چەکدارەکانە لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئایا ئەم هەوڵانە دەتوانن بەسەر ئەوكۆسپانەدا سەركەوێ کە ڕێگری لە بنیاتنانی سوپای نیشتمانی هەمەلایەنە دەكەن؟
ساڵح مەیتا، شارەزای سەربازی لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ئەوەی ئاشكراكرد كە سوریا زیاتر لە ٨٠ کوتلەی چەکدار تێدایەو چالاكن، کە هەریەکەیان دیدگای جیاواز و ئایدۆلۆژیای دژبەیەکیان هەیە و ئەم هەمەچەشنییە فیکری و تائیفی و نەتەوەییە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم هەر هەوڵێک كە بۆ یەكخستنی سوپا بنریت.
ساڵح مەیتا جەختی لەوەش کردەوە کە هەر گۆڕانکارییەک لە پێكهاتەی سەربازی سوریا لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا بكریت، پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ زلهێزەکانی دەرەوە، وەک ڕووسیا کە لە مێژە هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی پێشوو.
بە گوتەی محەممەد حەبەش، ئەکادیمیستی سوری، یەکخستنی سوپای نوێی سوریا پێویستی بە دروستکردنی متمانە هەیە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی کوتلە چەکدارەکان.
هەرچەندە دیدارەکەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ سەرۆکی گروپە چەکدارەکان هەنگاویكی سەرەتاییە و بریاری پێویستی تیا دراوە، بەڵام کوتلەی دیکەش هەن بە تایبەت کوردەكان ، کە بەروونی رایانگەیاندووە كە دوودڵن لە بەشداریکردن لە سوپای نیشتیمانیدا.
هەروەها محەممەد حەبەش ئاماژە بە گرنگی هینانەوەی خاوەن ئەزموونەكان و بەشداریپێكردنیان لە سوپادا دا لەپێناو دەستەبەرکردنی دامەزراندنی سوپایەكی بێ کێشە، لە هەمان کاتدا پاراستنی سیمای ئەو سوپا نەتەوەییەی کە نوێنەرایەتی خواستەکانی گەل دەکات، دوور لە ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی پێشوو کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر پەیوەندی نێوان سوپا و هاووڵاتیان هەبووە.
ڕەهەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تۆم هارب، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا بۆ دیموکراسی، پێی وایە سەرکەوتنی داڕشتنەوەی سوپای سوریا تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی هەمەجۆریی گەلی سوریا بێت، هاوکات مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو هاوڵاتیان .
بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ، ڕادەی توانای سەرکردایەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە بەبێ هاوکاری نێودەوڵەتی، لەگەڵ بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ناوچەکەدا تا چەندە؟
تۆم هارب، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا بۆ دیموکراسی تیشکی خستە سەر نیگەرانی ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە زیادبوونی دەستێوەردانەکانی تورکیا، ئەوان پێیان وایە تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئیسلامی سیاسیەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی نفوزی عوسمانی دەدات، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر سەقامگیری داهاتووی سوریا هەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەگەری داواكاری ئۆتۆنۆمی لەلایەن كوردەكانەوە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا گرفتیكی تری بەردەم سوریای نوێ بیت كە دەیخاتە دوریانی سیاسەتی توركیاو ئەمەریكا بەمەش ئاڵۆزی سیاسی زیاد دەکات.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 3 جار