جەبەل شێخ، ئەو بەرزاییە بەنرخەی سوریا کە لە سەروەختی رووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا، راستەوخۆ سوپای زایۆنی خۆی پێگەیاند و لوتکەی شاخەکەی کۆنتڕۆڵکرد، ھەر ئەو کاتیش رایگەیاند "تێیدا دەمێنێتەوە" .
جەبەل شێخ، چ گرینگی و بایەخێکی ھەیە؟ بۆچی قەوارەی زایۆنی داگیری کرد و، بۆچی ناکشێتەوە تێیدا؟
جەبەل شێخ، لە زنجیرە چیایەک پێکدێت کە چوار لوتکەی بەرزی لەخۆ گرتووە، دەکەوێتە نێوان وڵاتانی سوریا، لوبنان . درێژ دەبێتەوە بۆ سنوری ئوردن و فەلەستین، ئەو زنجیرە چیایانە گرینگی و بایەخی سیاسی، ئاینی، جوگرافی و نەتەوەیی ھەیە و زنجیرە چیایەکی تەواو ستراتیژییە.
ئەو لوتکەیەی کە قەوارەی زایۆنی لەیەکەم رۆژی رووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد داگیری کرد لوتکەی حرمون بوو کە بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی جەبەل شێخ و دەکەوێتە سنووری دەوڵەتی سوریا.
جەبەل حرمون ( ٢٨١٤ ) مەتر بەرزە ، بەرزترین لوتکەی زنجیرە چیاکانی جەبەل شێخـە ، لە ئێستادا لەژێر داگیرکاری سوپای زایۆنیدایە، ناوی چیاکە لە ووشەی حەرامی عەرەبییەوە وەرگیراوە، بە واتای ئەوەی حەرامە لە ھەر نەتەوەو ئاینێکی دیکە، بەڵام چیاکە زیاد لە ٧٠ جار لە کتێبەکانی ئاینی جوولەکەدا ناوی ھاتووە ، ئەوان پێی دەڵێن عین الڕمم، واتا چاوی نەتەوەکان، بەو واتایەی لە لوتکەی چیاکەوە ھەر چوار وڵاتی ناوچەکە، سوریا، لوبنان، ئوردن و فەلەستین دەبینرێن، جوگرافی ناسە عەرەبەکانیش زۆرجار بە جەبەل (ثلج ) ناویان ھێناوە، واتا شاخی بەفراوی، چونکە زۆربەی رۆژەکانی ساڵ لوتکەی چیاکە بەفری لێیە.
لە ھەندێ شوێندا چیاکە تەنھا ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری دیمەشقی سوریاوە دوورە، ئەمە جگە لەوەی چیاکە بە باشی بەسەر شاری دیمەشقدا دەڕوانێت، ھەروەھا پێگەی ستراتیژی شاخەکە بە شێوەیەکە کە بە زوویی لە بەرزاییەکانی جۆﻻنەوە پێی دەگەیت ، بەرزییەکەی وەک ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ ھەر ڕووداوو ھێرش و پەﻻمار و جموجوڵێکی سەربازی سوودی لێوەردەگیردرێت ، ئەوەش یەکێک بووە لە گرینگترین ھۆکارەکانی داگیرکردنی لەﻻیەن قەوارەی زایۆنییەوە.
کەش و ھەوای چیاکە بە شێوەیەکە کە زۆربەی رۆژەکانی ساڵ بەفری لێیە، ئەوەش وایکردووە کە بوەتە سەرچاوەیەکی گرینگی ئاو ، ھەریەکە لە رووبارەکانی ھۆزانی و (جەرجەرە) لە لوتکەی ئەو شاخەوە ھەڵدەقوڵێن کە ساڵانە ملیار و نیوێک متر چوارگۆشە ئاوی لێوە دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لە بایەخە ئاینییەکەی بەﻻی دینی جوولەکەوە کە زیاتر لە ٧٠ جار لە دەقە دینییەکانیاندا ناوی ھاتووە و بەﻻی جوولەکە توندڕەوەکانەوە گرینگی و بایەخێکی ئاینیی ھەیە و پێان وایە پیرۆزییەکی تەواوی لە ئاینی جوولەکەدا ھەیە.
جگە لە پێگە ئاینی و ئابورییەکەی چیای حرمون؛ قەوارەی زایۆنی لە ئێستادا لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لوتکەی چیاکە بەکاردەھێنێت، دەیەوێت وەک پێگەیەکی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و، دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچە داگیرکراوەکان بەکاریبھێنێت.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 2 جار