حەماس خۆی نوێ دەكاتەوە
میدیا زایۆنییەکان دانیان بەوەدا ناوە كە حەماس توانیویەتی ھەزاران سەربازی نوێ لە ریزەکانیدا دابمەزرێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بووە لە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی نوێی کەرتی غەززەدا.
پێگەی (واڵا)ی زایۆنی بڵاوی کردوەتەوە، بزووتنەوەی حەماس ھەزاران سەربازی نوێی لە ریزەکانیدا دامەزراندووە، سوپای ئیسرائیل و ھەواڵگری سەربازی ئیسرائیل ئەو زانیارییەیان پشتڕاستکردوەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەو سەرکردانەی حەماس کە ئیسرائیل شکستی ھێناوە لە تیرۆرکردنیان راھێنانی سەربازییان بە سەربازە نوێیەکان کردووە و ئامادەیان کردوون بۆ شەڕکردن.
پێگە زایۆنییەکە كە لە سوپای ئیسرائیلییەوە زانیارییەكانی وەرگرتوە جەختی لەوە كردوەتەوە كە حەماس سەربازە نوێیەکانی گوڵبژێرکردووە و ئەو فەلەستینیانەی لە ریزەکانیدا دامەزراندووە کە ئینتیمای تەواویان لە رووی نەتەوەیی و ئاینیی و ئایدۆلۆجییەوە بۆ بزووتنەوەکە و ڕووبەڕووبووونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە و بەو سەربازە نوێیانەش توانیویەتی ھێڵێکی بەرگری دروست بکات.
دورون کادوش، پەیامنێری سەربازی رادیۆی سوپای زایۆنی بڵاویکردوەتەوە، حەماس لەگەڵ دامەزراندنی ھەزاران سەربازی نوێ، توانیویەتی خۆی ڕێکبخاتەوە و دووبارە ریزەکانی دروستبکاتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر دامودەزگا کاراکانی کەرتی غەززەدا ھەیە.
کادوش دەڵێت، سوپای ئیسرائیل ھەستی تەواو بەوە دەکات و زانیاری ئەوەشی ھەیە کە لەم چەند مانگەی رابردوودا حەماس ھەوڵی تەواوی داوە و سەرکەوتووە بووە لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی ، توانیویەتی شوێنی ئەو سەربازانەی پڕ بکاتەوە کە لە جەنگ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل کوژراو یان برینداربوون.
پەیامنێرەکەی رادیۆی ئیسرائیل لە بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە، بزووتنەوەی حەماس لە ڕێگای فەرماندە سەربازییەکانییەوە راھێنانی تەواوی بەو سەربازە نوێیانە کردووە کە لە ریزەکانیدا دایمەزراندوون، تەکنیکیی نوێی سەربازی فێربوون و خۆیان لەگەڵ دۆخی ئێستای کەرتی غەززەدا گونجاندووە و توانای رووبەرووبوونەوە و زیان گەیاندنی تەواویان بە سەربازانی ئیسرائیل ھەیە.
رێکخستنەوەی ریزەکانی حەماس و تۆمارکردنی سەربازی نوێ لەکاتێکدایە کە سوپای زایۆنی تووشی پەرتبوون و کەمبوونەوەی سەرباز و ئەفسەر بووە و لە نوێترین ھەواڵدا سوپای زایۆنی رایگەیاندووە، ٥٠٠ ئەفسەری نوێ دەستلەکارکێشانەوەیان لە ریزەکانی سوپا پێشکەشکردووە و بە خواستی خۆیان داوای دوورکەوتنەوە لە کاری سەربازی دەکەن.
نزیکەی ٤٤٠ رۆژە جەنگی سەر کەرتی غەززە لەﻻیەن قەوارەی داگیرکەری زایۆنییەوە بەردەوامە، لەو جەنگەدا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار فەلەستینی برینداربوون و نزیکەی ٤٥ ھەزاری دیکە شەھیدبوون، سەرەرای ئەوەش دەیان ھەزاری دیکە بێسەروشوێن بوون و ملیۆن فەلەستینی دیکەش ئاوارەبوون و لە دۆخێکی ناھەمواردا ژیان دەگوەزرێنن.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 7 جار