ھەنییە چۆن تیرۆرکرا؟

4 رۆژ پێش ئێستا

چۆن ئیسماعیل هەنییە یان تیرۆركرد؟
پاش ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو قەوارەی داگیرکەری زایۆنی دانی نا بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە، ئەمڕۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە وردەکاری و نھێنی پیلانی تیرۆرکردنی ئەو سەرکردە فەلەستینییەیان بڵاوکردەوە.
٣١ـی تەمووزی ئەمساڵ ڕووداوێکی تیرۆرکردن، جیھانی ئیسلامی ھەژاند، ئەویش تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بوو لە تارانی پایتەختی ئێران، لەکاتێکدا میوانی ئەو وڵاتەبوو بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ھەڵبژێدراوی ئێران.
ھەر ئەو کاتە ئێران و حەماس قەوارەی داگیرکەری زایۆنییان بە تیرۆرکردنی ھەنییە تاوانبار کرد، ھەرچەندە ئەو کاتە قەوارەی زایۆنی ھیچی لەبارەی ڕووداوەکەوە نەوت، بەڵام دوای نزیکەی شەش مانگ لە ڕووداوەکەو، ھەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی قەوارەی زایۆنی دانی بەوەدا نا کە ھەنییە لەلایەن ھەواڵگری ئیسرائیلەوە تیرۆرکراوە.
ھەنییە چۆن تیرۆرکرا؟
تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی وەک ئیسماعیل ھەنییە لەناو جەرگەی تاراندا ئاسان نیە، بەڵام کەناڵی دوانزەی زایۆنی لە زاری سەرچاوەکانییەوە چۆنێتی ئەنجامدانی ڕووداوەکەی بڵاوکردوەتەوە و، رایگەیاندووە، تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس چەند مانگێک پێشتر پیلانی بۆ دانراوە و ئەو پرۆسەیەش یەکێک بووە لە مەترسیدارترین و ھەستیارترین پرۆسەی ھەواڵگری ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتی کەناڵە زایۆنییەکە، پیلانی تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە لەلایەن ھەواڵگرییەوە دانراوە و، توانیویانە بۆمبێکی بچوکی کاریگەر کە بە کۆنتڕۆڵ کاری دەکرد ببنە ئەو ژوورەوەی کە ھەمیشە ئیسماعیل ھەنییە لە سەردانەکانیدا بۆ تاران لێی دەمایەوە.
بەپێی راپۆرتی میدیا زایۆنییەکە، سیخوڕەکانی ھەواڵگری پێش گەیشتنی ھەنییە بە تاران ئەو بۆمبەیان لە ژوورەکەیدا داناوە ، چاوەڕێی گەیشتنی ھەنییە و تەواوبوونی مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیانیان کردووە ، تیرۆرکردنی ھەنییەیان خستوەتە دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە و نەیانویستووە مەراسیمەکە ھەڵبوەشێتەوە.
بەپێی راپۆرتی کەناڵی  ١٢ی زایۆنی، دانانی بۆمبەکە لە ژووی ئیسماعیل ھەنییە، یەکێک بووە لە مەترسیدارترین و ھەستیارترین پرۆسەی دەزگای ھەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل، کە لە دواین ساتەکاندا نزیک بووە لەوەی کە پرۆسەکە ھەڵبوەشێتەوە و تیرۆرکردنی ھەنییە شکستبھێنێت.
کەناڵەکە بڵاویکردوەتەوە، ئەو شەوەی کە شەوی تەقاندنەوەی بۆمبەکە بووە، ساردکەرەوەی ژوورەکەی ئیسماعیل ھەنییە لەکارکەوتووە و بەو ھۆیەوە ھەنییە ژوورەکەی خۆی بەجێھێشتووە و چوەتە ژوورێکی دیکە، مەرجی پرۆسەکەش بەو شێوەیە بووە کە ھەنییە لەو ژوورەدا بێت کە بۆمبەکەی لێیە چونکە بۆمبەکە بچوک بووە و کاریگەری بۆ ژوورەکانی تەنیشتنی نەبووە، بەڵام پاش چاککردنەوەی ساردکەرەوەکە ھەنییە گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و کاتژمێر ٠١:٣٠ بەرەبەیان بۆمبەکە لە دوورەوە بە کۆنتڕۆڵ تەقێندراوەتەوە.
ھەروەھا ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ھەموو کاتێک لە سەردانەکانیدا بۆ تاران ئیسماعیل ھەنییە لەو بینایەدا ماوەتەوە کە تایبەت بووە بە ئەفسەرە باڵاکانی ئێران ، لەناویشیدا میوانخانەیەکی تایبەتی لێ بووە و ھەمیشە لە یەک ژووری دیاریکراودا ماوەتەوە، ھەروەھا ئەو بۆمبەشی کە بۆ پرۆسەی تیرۆرکردنەکەی دیاریکرابوو، بۆمبێکی بچوکی کاریگەر بووە کە تەنھا ھەنییەی بەئامانجگرتووە و زیانی بۆ کەسی دیکە نەبووە.

#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 8 جار

هەواڵی زیاتر