هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "وەكو د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاساییمان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆماركردووە"
وتیشی "ناوەڕۆكی سكاڵاكە چەند خاڵێكی سەرەكییە، یەكەمیان داواكراوە دادگای فیدراڵی فەرمانی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان"
ئاماژەیبەوەشكردووە "داوا دەكەین بابەتە هونەرییەكانی وەكو میزانی موراجەعە، وردەكاری و چاودێری كە ئەمانە رێكاری كارگێڕی و هونەرین، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی مووچە".
هاوڕێ تۆفیق باسی لەوەشكرد، لەهەمان كاتدا داواكرابوو لەلایەن دادگاوە ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە هەمواركردنی (ماددەی 12/بڕگەی ج) لە یاسای بودجەی فیدراڵی كە تایبەتبوو بە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام خۆشبەختانە لە رۆژانی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو گۆڕانكارییەی ئەنجامداوە.
روونیشیكردەوە "ئێستا جەوهەری داواكارییەكانی ئێمە كورتبووەتەوە بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە خەرجكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی رابردوو و سەرجەم مانگەكانی دیكەش بەبێ راوەستان و هیچ هۆیەك، ئەوەش مافێكی دەستورییە"
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەوەشی ئاشكراكرد، "دەمانەوێت رایبگەیەنین رۆژی 12ـی مانگ كە دەكاتە رۆژی چوارشەممە، رۆژی دادگایی كردنەكەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین دادگای فیدراڵی بڕیاری دەستوریی خۆی بدات" .
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 14 جار