ڕۆژی شەممە (1ی ئابی 2026)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش"ی دا بۆ رێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە هەریەکە لە ئوردن، کوێت و سووریا بڕیاریان داوە بەفەرمی بەغدا ئاگادار بکەنەوە لەوەی کە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی گرووپە چەکدارەکاندا، بە هێرشی ئاسمانی وەڵام دەدەنەوە و بنکەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق دەکەنە ئامانج. لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی بەغدادا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە قەدەخەکردنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە کردەوە و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد میکانیزمی تووند بگرنەبەر تاوەکو خاکی وڵات نەبێتە رێڕەو یان سەرچاوەی هێرش، بە ئامانجی پاراستنی سەروەری و دراوسێیەتی باش. هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی تیمە دیپلۆماسییەکانییەوە گفتوگۆی چڕی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە دراوسێیە دەستپێکردووە تاوەکو دڵنیاییان پێبدات کە بەغدا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکانیان و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان. ئەم گرژییە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە (29ی تەممووزی 2026)، وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی درۆنی کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی سعودیە کرابێت.
ژمارەی خوێندراو : 88 جار