بەوتەی ژمارەیەك بەرپرسی عێراق، ئەمریكا هۆشداری بە عێراقیەكان داوە كە ئەگەر درۆن و موشەكی گروپە چەكدارەكان دانەماڵن، قەوارەی زایۆنی هێرش دەكاتە سەریان. بەگوێرەی ڕۆژنامەیەكی عەرەبیش، "نزیکەی 10 گروپی عێراق، خاوەنی ئەو جۆرە درۆنانەن كە توانن، سەدان كیلۆمەتر بفڕێت".
رۆژنامەی "العربی الجدید"، ئەمڕۆ دوشەممە لەزاری چوار سەرچاوەی ئەمنی و سیاسی نزیک لە حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، بەم دواییانە پەیامی ئەمریکی گەیەندراوە بە بەغدا و داوایان كردوە، چەکە جۆراوجۆرییەكانی گروپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی دابماڵێت، كە خۆی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی مەودا مامناوەند دەبینێتەوە، بە پێچەوانەوە لەناوبردنیان لە هێرشی ئاسمانی لەبەردەستدایە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندوە، ئەمریکییەکان چەندین شێوازی فشار لەم بارەیەوە بەکاردەهێنن، لەوانە، ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر شوێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەكان ئەگەر لەناونەبرێن یان هەڵوەشێنرێنەوە، هەروەها واشنتن ناتوانێت بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە ئەنجامدانی هەڕەشەکان لە ناو خاکی عێراق.
ئەو بەرپرسەی عێراق، پرسی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە جبەخانەی گروپە عێراقییەکان بە لە پێشینەی كارەكانی ئەمریکییەکان وەسف كردوە، کە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر بنکەکانیان لە ناوچەکە سەیریان دەکەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ئەمریكا هەندێك داواكاری دیكەشی هەیە، لەوانە کۆتاییهێنان بە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمهێنانی سەربازیی سەر بە حەشدی شەعبی، کە بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن چەند گروپێكى چالاک لە گۆڕەپانی عێراق کۆنترۆڵکراوەو هەمویان هاوپەیمانی ئێرانن.
هەروەها کۆتاییهێنان بە کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەک و رێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتوانیان لەلایەن ئەو گروپانەوە و خستنەوە ژێر سەروەری دەوڵەتی ئەو ناوچانە، وەک جورف سەخر، عوەیسات، عۆجە و ناوچەكانی دیكە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ئەم زانیاریانە پێچەوانەی ئەو ڕاپۆرتانەیە كە پێشتر بڵاوبونەتەوەو باسیان لە فشارەکانی ئەمریکا كردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن یان تێکەڵکردنیان بە سوپا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو دەستەواژەیەی كە ناسراوە، بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
لە عێراقدا نزیکەی 10 گروپی چەکدار خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، کە مەودای فڕینیان دەگاتە سەدان کیلۆمەترە و چەند لایەنێک بەکاریان هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر پێگەكانی ئیسرائیل، كە دیارترینیان، بەندەری ئیلات و حەیفا و بەرزاییەکانی جۆلانە.
هەروەها بنکەکانی ئەمریکایان له رۆژهەڵاتی سوریا کردوەته ئامانج، له چوارچێوەی بەرەی پشتیوانی که لەلایەن ئەم گروپانەوە دژی ئیسرائیل راگەیەندرا، وێرای موشەکی کروزی جۆری "ئەرقەب" كە ئەم گروپانە بەرپرسیارێتی بەکارهێنانیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوشێوەکانی بۆردومانکردندا راگەیاندوە.
ژمارەی خوێندراو : 46 جار