ئێران شەش كەسی بە تۆمەتی سیخوری بۆ مۆساد لە سێدارەدا

04/10/2025

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە شەش کەسی لەسێدارەداوە کە ئەندامی گرووپێکی "تیرۆریستی"ن کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران سزا دراون.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە کە ئێران "شەش ئەندامی تۆڕێکی تیرۆریستی جوداخوازی کە بۆ قەوارەی زایۆنیستی (ئیسرائیل) کاریان دەکرد" لەسێدارەداوە، ئەمە جگە لە چەکدارێکی کورد کە بە تاوانی تیرۆرکردنی پیاوێکی ئایینی سزا دراوە.
ئاژانسەکان باسیان لەوە کردووە کە "تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە پلانیان داناوە و چەندین ئۆپەراسیۆنی خوێناوییان ئەنجامداوە، لەوانە تیرۆرکردنی چوار بەرگریکاری ئەمنی و بۆردومانکردن لە شاری خورەمشاری سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران".
ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، جگە لە ڕۆڵی خۆیان "لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا، ئەو کەسانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ قەوارەی زایۆنی و پشتیوانییان لە لایەنە بیانییە دوژمنکارەکانەوە وەرگرتووە".
ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "کردەوەی تیرۆریستە لەسێدارەدراوەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەڕەشەیەکی دووبارەبووەوەی بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتییانی خوزستان دروستکردووە".
تاران چەند کەسێکی لەسێدارە داوە کە تۆمەتباری دەکات بە پەیوەندی بە مۆساد و ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لەو وڵاتە.

ژمارەی خوێندراو : 183 جار

هەواڵی زیاتر