ئەمڕۆ بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند کە داگیرکەری ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ئاشکرا ئەنجام دەدات بە گواستنەوەی بەردەوامی هێڵی زەرد بەرەو ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی ڕۆژانە و لە ئەنجامدا ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لێدەکەوێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ڕێگەی تێلێگرامەوە بڵاوکراوەتەوە، بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە هێڵی زەرد پێچەوانەی ئەو نەخشانەیە کە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.
حەماس داوای لە ناوبژیوانان کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەم پێشێلکارییانە ڕابگرێت.
هێڵی زەرد ئەو هێڵە سنووردارکردنەیە کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ١٠ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کشاونەتەوە.
ئەم لێدوانەی حەماس دوای شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ئیسرائیل دێت کە بووە هۆی کوژرانی ٣٥ فەلەستینی و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، بە بیانووی تەقەکردن لە هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی هێڵی زەرد، بانگەشەیەكە کە بزووتنەوەکە ڕەتیدەکاتەوە.
لای خۆیەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری ئیسرائیل شوێنی نیشانە زەردەکانی گۆڕیوە و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بۆ 300 مەتر لە گەڕەکەکانی شوجاعییە و توفە فراوانترکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٤٠٠ پێشێلکاری ئیسرائیلی بەڵگەدار کردووە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠٠ فەلەستینی کوژراون لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت داوای لە ناوبژیوانان و گەرەنتیکارانی ڕێککەوتنەکە کرد، ڕێوشوێنی جددی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی داگیرکاری و ناچاری بکەن پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست و پرۆتۆکۆڵی مرۆیی بن.
لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانی لیوای کفیر لە ناوچەی هێڵی زەرد لە کەرتی غەززە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێنماییەکانی سەرکردایەتی سیاسی چالاکی دەکەن، ئەرکی بەرگری ئەنجام دەدەن و کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە.
سوپای داگیرکەر لە بەیاننامەیەکدا زیادی کرد: ئەو هێزانە کار بۆ لەناوبردنی ئەو شتە دەکەن کە بە ژێرخانی تیرۆریستی وەسفی کردووە کە ڕێکخراوەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی سەربازەکانی ئەوێ بەکاریان دەهێنن. بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سەکۆیەکی هەڵدانی دۆزیوەتەوە کە چوار موشەک لەخۆدەگرێت کە ئامانجیان ئیسرائیل بووە، هەروەها چەک و تەقەمەنی و تفەنگ و نارنجۆکی دەستی و جلوبەرگی سەربازی تێدایە.
ژمارەی خوێندراو : 46 جار