ڕێبەر ئەحمەد : خاکی هەرێم نابێتە سەرچاوەی هیچ کردەوەیەك لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بڵاویكردەوە، قاسم عەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێراق لەگەڵ جەنەراڵ سەید عەبدوڵڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبوەوە، كە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم بەشداری كۆبونەوەكە بوە.
جەنەراڵ موسەوی لە میانەی كۆبونەوەكەدا، جەختی لە قوڵایی برایەتی نێوان گەلانی ئێران و عێراق کردەوە و وتویەتی، یەکێک لە نیگەرانییە گرنگەکان بۆ ئەمریکییەکان برایەتی و بەزەیی نێوان گەلانی ئێران و عێراقە، شتێک کە دوژمنان بە باشی لێی ئاگادارن.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران، جەختی لەپێویستی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق كردوەتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازی و سیاسی، بۆ ئاسایش لە ناوچەکەدا.
موسەوی ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر هێرشەکانی ئەم دواییەی قەوارەی زایۆنی و ئەمریکا دژی ئێران روی نەدابایە، مەبەستی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بۆ هەمو لایەک دەرنەدەکەوت.
لایخۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختی لەپابەندبونی عێراق و هەرێمی كوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران كردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانیەكە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خواستی هەرێمی دوپاتکردەوە بۆ بەردەوامبون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردو وڵات. لەوانەش "چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی دژە شۆڕش لە باکوری عێراق". 
ڕێبەر ئەحمەد لەمیانەی كۆبونەوەكەدا ڕاشیگەیاندوە، "خاکی هەرێم نابێتە سەرچاوەی هیچ کردەوەیەك لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران".

ژمارەی خوێندراو : 47 جار

هەواڵی زیاتر