بانگەوازێك بۆ ڕای گشتیی لەبارەی مووچە و مافی فەرمانبەران و مووچەخۆرانەوە
ئێمە سەرەڕای قوربانییدانمان بۆ پرسە گشتییەکان و خەم و ئازارەکانی گەلەکەمان لەناوچەکانیتری کوردستان، سەرباری ئەو بارگرانیە داراییەی دەسەڵات بۆمانی دروستکردووە، هێشتاش بە سەخاوەتەوە بەشداریی بەخشین و هاوکاریی کۆکردنەوە بووین بۆ کوردانی ڕۆژئاوا…بە ئەوپەڕیی دڵگەرمییەوە بەشداریی جۆشدان و ورەبەرزکردنەوەی ئەو پارچەیەی ڕۆحمان بووین، بەداخەوە هەستئەکەین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، زۆر هەلپەرستانە بەرخورد لەگەڵ مافەکانماندا ئەکات!
چاوەڕێ بووین ئەم برادەرانە ئەگەر دەستیان بە گیرفانی حیزبیی و ئەو کۆگا دۆلارەی ژێرزەمینەکانیشدا کردبێت، ڕاستەوانە لەگەڵ دۆخی پڕخرۆشی خەڵکدا بچن و لاپەڕەیەکیتر هەڵدەنەوە، چیرۆکی «چەند مووچەیەك خواردن لە ساڵێکدا» کۆتایی پێبهێنن!
پێمانوابوو کە پاش ئەو هەستە میللییەی خەڵك، دەسەڵات سەرمایەگوزاریی مەعنەوەیی لەسەر ئەکات و بەخێرایی خزمەتی خەڵکی ئاکات، جگە لە موچەخۆر و فەرمانبەران، بەناوی دۆخی لەناکاو و مەترسیی سەر ئەزموونەکەمانەوە دەست بۆ پارە شەخسییەکانتان ئەبەن و هاوکاریی خەڵکی دڵگەرم ئەکەن!
بەڵام بەداخەوە سەرەڕای نادیاریی چارەنووسی دوو مووچەی ١١و١٢ی ساڵی ڕابردوو، وا خەریکن سەرەتایەکی دزێوتر بۆ خواردنی مووچەی زیاتر لە ساڵی ٢٠٢٦دا دائەنێن!
ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاڤای ژێر پیلانی نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتیی و ناوخۆیی؛ لە پێدانی مووچە بەردەوامە، سەیرە ئێوە بۆ هەلێك ئەگەڕێن تا دەستی دزیی زیاتر بۆ مافی خەڵك درێژ بکەن!
ئێمە سەرباری هەڵوێستە مرۆیی و نیشتیمانییەکانمان، لە ئێستاوە دەستمان کراوەیە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان
٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦
ژمارەی خوێندراو : 54 جار