سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بۆ حکومەتی فیدراڵی وەک داهاتی نانەوتی، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، تەنها رادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لە لێدوانێک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو وتی: «گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسادا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بدرێت بە حکومەتی فیدراڵی.»
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕە پارەیە لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقدا وەک بڕیارێک دیاریکرابوو، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
بارزانی وتی: «هیوادارم داهاتی ناوخۆ لەسەر ئاستی هەموو عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێ، چونکە هەر چەند داهات زیاد بکرێ، ئەوەندە هەرێمی کوردستانیش زیاتر بەشدار دەبێت.»
ئەم لێدوانانە لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی پارکی «باخچە هەڵواسراوەکانی بابل» لە قەزای عەنکاوەی هەولێر دران. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند کە ناوی پارکەکە ئاماژەیە بۆ رەسەنایەتیی مێژوویی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی وڵات.
هەروەها ئاماژەی کرد کە پڕۆژەی پارکەکە لە چەندین بەش پێکدێت و بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی عەنکاوە و شاری هەولێر تەرخان کراوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ فراوانکردنی رووبەری سەوزایی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ژمارەی خوێندراو : 2 جار