ڕوون میدیا
ئەمڕۆ شەممە، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر بە هەزار و 195 دینار و لە سلێمانی بە هەزار دینار جێگیر بوو. هاوکات بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی بەنزین و زیادکردنی ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی سووتەمەنییە حکومییەکە (بەنزینی 750 دیناری) دابەش دەکەن، پێشبینی دەکرێت لەمڕۆوە نرخەکان بە پلەبەندی ڕوو لە دابەزین بکەن.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری حکومی دەفرۆشن لە 14 بەنزینخانەوە زیادکراون بۆ 26 بەنزینخانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا بەنزین لە بازاڕدا زۆر بووە و نرخیش لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان ڕوونیشیکردەوە: "ئەو بەنزینەی ئێستا لە بەنزینخانەکاندا هەیە بە گران کڕدراوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لەمڕۆوە بە پلەبەندی نرخەکەی دادەبەزێت؛ دواتریش بەنزینخانەکان لەگەڵ کڕینی بەنزینی نوێدا نرخەکانیان کەم دەکەنەوە."
لە لایەکی دیکەوە، جەنگی مەجید تیشکی خستە سەر ئەوەی کە نرخی گازی شل (LPG) زیاتر دابەزیوە و لیتری بووەتە 630 دینار. بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لەبری بەنزین ئەو گازە بەکاردەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەنزین و زۆربوونی لە بازاڕدا، کە دواجار دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی.
ئەم پێشبینییانە بۆ دابەزینی نرخ دوای شەپۆلێکی بەرزبوونەوە دێت کە لە 6ـی ئەم مانگەدا بازاڕەکانی هەولێری گرتەوە، کاتێک نرخی لیتری نۆرماڵ بازیدا بۆ هەزار و 750 دینار، لەکاتێکدا رۆژێک پێش ئەو ڕێککەوتە لە نێوان 850 بۆ 890 دیناردا بوو.
دوای هەولێر، لە 7ـی مانگەوە شەپۆلی بەرزبوونەوەکە گەیشتە سلێمانیش و نرخی لیترێک بەنزین بووە هەزار دینار و تاوەکو ئەمڕۆش هۆگۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و جێگیرە.
جێی ئاماژەیە، بازاڕی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەپێی جوگرافیا بەستراوەتەوە بە یەکەوە؛ بە جۆرێک سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای هەڵەبجە لە سلێمانییەوە دابین دەکرێت و نرخەکانیان هاوشێوەیە، بەهەمان شێوەش زۆرینەی سەرچاوەی بەنزینی پارێزگای دهۆک لە هەولێرەوەیە و نرخەکانیان لەیەکەوە نزیکە.
ژمارەی خوێندراو : 426 جار