نرخی 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند و داوای ڕوونکردنەوە لە بانکی ناوەندی دەکرێت

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 

ڕوون میدیا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بەهای دیناری عێراقی بەردەوامبوو لە دابەزین بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی و نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا سەکۆی 160 هەزار دیناری تێپەڕاند. بەرپرسانی بازاڕی دراویش هۆکاری ئەم ناسەقامگیرییە بۆ بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک دەگێڕنەوە و داوا دەکەن بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوەی فەرمی بدات.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر ڕایگەیاند کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 160 هەزار و 200 دینار، بەڵام دواتر کەمێک دابەزیوە. بەپێی دواین ئامارەکانی کاتژمێر 01:30ـی نیوەڕۆ، نرخەکان بەم شێوەیەن:
لە هەولێر: 100 دۆلار بە 159 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە سلێمانی: 100 دۆلار گەیشتە 159 هەزار دینار و ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی 100 دۆلار تەنیا 155 هەزار و 450 دینار بوو.
هۆکاری شڵەژانی بازاڕ و پێشنیازی چارەسەر
بەگوتەی حاجی سابیر باواجی، هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە خێرایەی بەهای دینار پەیوەندی بە گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە. لە دوای ئەو گۆڕانکارییە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لە مانگی 9ـی داهاتووەوە، بانکی ناوەندی نرخی فەرمی فرۆشتنی 100 دۆلار لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 145 هەزار دینار بەرز دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەم دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی فەرمی نییە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکە بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی چارەسەر دەبێت و گوتی:
"ئەگەر دەنگۆکان ناڕاستن، پێویستە بانکی ناوەندی ڕاگەیێندراوێک بڵاو بکاتەوە، چونکە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی، دۆخی دینار ڕاستەوخۆ ئاسایی دەبێتەوە."

ژمارەی خوێندراو : 109 جار

هەواڵی زیاتر