لەژێر فشاری ڕەخنەکاندا.. ئیهود باراک دان بە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ ئێپستاین دەنێت و پەشیمانی دەردەبڕێت

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە یەکەم کاردانەوەیدا دوای ئاشکرابوونی هەزاران بەڵگەنامە و تۆماری نوێ لە پەڕاوەکانی جێفری ئێپستاین، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، ئیهود باراک، بێدەنگیی شکاند و پەشیمانیی خۆی دەربڕی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێپستاین دوای یەکەم سزادانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا.
باراک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، پاساوی بۆ بەردەوامیی پەیوەندییەکەی هێنایەوە و وتی کە هیچ کەسێک - بە دەستەبژێری سیاسی و ئابووری و ئەکادیمیی ئەمریکاشەوە - ئاگاداری قەبارەی تاوانەکانی نەبووە پێش دووبارەکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا.
«جوولەکەیەکی باش»
باراک ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتای ناسینی لەگەڵ ئێپستاین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی چالاکییەکی گەورە لە واشنتۆن، کاتێک شیمۆن پێرێس، سەرۆکی پێشووتری ئیسرائیل پێی ناساندووە و وتوویەتی: «ئەمە جوولەکەیەکی باشە، من بە باشی دەیناسم».
لەگەڵ ئەوەی ئێپستاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە تۆمەتی ڕاکێشانی مێرمنداڵان بۆ کاری لەشفرۆشی سزا درا و ڕێککەوتنێکی دادوەری ئەنجامدا کە بەپێی ئەوە نزیکەی ساڵێک لە زیندانێکی کراوە لە فلۆریدا مایەوە، باراک وتی کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێپستاین لەو قۆناغەدا لە ناوخۆی ئەمریکا وەک کەسێک بووە کە «قەرزەکەی بە کۆمەڵگە داوەتەوە» و گەڕاوەتەوە بۆ ناو چالاکییە گشتییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسایەتییە دیارەکانی بواری سیاسەت، ئابووری، ئەکادیمی و ڕۆشنبیری لەو ماوەیەدا بەردەوام بوون لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا. باراک ڕوونی کردەوە کە دووبارەکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لە ٢٠١٩ و ئاشکرابوونی قەبارە و مەترسیی تاوانەکان، «خاڵی وەرچەرخان بوو کە بازنە فراوانەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێپستاین پچڕاند».
دانپێدانان بە پەشیمانی
لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، باراک بەردەوامیی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێپستاین دوای سزادانی ٢٠٠٨ ڕەت نەکردەوە و دانی بەوەدا نا کە ئاڵوگۆڕی نامەی ئەلیکترۆنیی لەگەڵ کردووە و بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا کردووە و چەندین جار سەردانی نیشتەجێکەی لە نیویۆرک کردووە.
باراک هەستی پەشیمانیی خۆی دەربڕی و وتی: «من بەرپرسم لە هەموو کار و بڕیارەکانم. جێگەی پرسیارە کە ئایا دەبوو بە قووڵتر لێکۆڵینەوە بکەم؟ پەشیمانم کە ئەوەم نەکرد».
سەردانی دوورگەی ئێپستاین
هەروەها باراک سەردانی بەردەوامی بۆ دوورگەی ئێپستاین ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە تەنیا «یەک سەردان» بووە بۆ ماوەی ٣ کاژێر لەبەر ڕووناکیی ڕۆژدا، بە یاوەریی هاوسەرەکەی و ٣ پاسەوان، و وەک خۆی دەڵێت لەوێ تەنیا ئێپستاین و هەندێک کرێکاری بینیوە.
باراک دووپاتی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر بەڵگەنامەی نوێش لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێپستاین دەربکەوێت، کە زیاتر لە ١٥ ساڵی خایاندووە، «هیچ کارێکی تاوانکاری، نایاسایی یان نەشیاو دەرناکەوێت».
لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کۆمەڵێک پەڕاوی پەیوەندیدار بە ئێپستاین بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ناو زیندانەکەی لە نیویۆرک بە خنکێندراوی دۆزرایەوە، لە کاتێکدا چاوەڕێی دادگایی‌کردنی دەکرد بە تۆمەتی بازرگانیی سێکسی بە مێرمنداڵان. پەڕاوەکان تێوەگلانی کەسایەتییە باڵاکانی جیهانیان لە تاوانەکانیدا ئاشکرا کرد.
ناوی باراک چەندین جار لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە ئێپستاین هاتووە، هەروەها وێنەکانی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێپستاین لە نیویۆرک دەرکەوتوون. ڕاپۆرتەکانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هەردووکیان پەیوەندیی وەبەرهێنانیان پێکەوە هەبووە. لە ئیسرائیلیش، بەرەی ڕاستڕەو ئەم کەیسەی بەکارهێناوە بۆ گومان خستنە سەر ڕەوشت و پێوەرەکانی باراک، بەتایبەتی کە ئەو خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ دەناسێنێت.

ژمارەی خوێندراو : 101 جار

هەواڵی زیاتر