خالید مەشعەل : دەسبەرداری چەك نابین و حوكمی بیانی قبوڵ ناكەین

2 کاتژمێر پێش ئێستا

خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس دوپاتیکردەوە کە بزوتنەوە فەلەستینییەکە دەستبەرداری چەکەکەی نابێت و "حوکمی بیانی" لە کەرتی غەززە قبوڵناکات، ئەوەش دوای دەستپێکردنی قۆناغی دوەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستە کە بڕگەی داماڵینی چەک و پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ حوکمڕانی تێدایە.
خالید مەشعەل، ڕۆژی یەکشەممە لە میانی 17یەمین مەکۆی دەوحەدا ڕایگەیاند، تاوانبارکردنی بەرگری و چەکی بەرگری و ئەوانەی بەرگرییان کردوە، شتێکە نابێت قبوڵی بکەن. تاكو داگیرکاری هەبێت، بەرگریش هەیە، بەرگری مافی گەلانە لەژێر داگیرکاریدا و بەشێکە لە یاسای نێودەوڵەتی و شەریعەتە ئاسمانییەکان و یادەوەری نەتەوەکان و شانازی پێوە دەکەن.
مەشعەل داوای لە ئەنجومەنی ئاشتیکرد کە "تێڕوانینێکی هاوسەنگ" بگرێتەبەر کە ڕێگە بە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و هاوکارییەکان بۆ دانیشتوانەکەی بدات کە ژمارەیان نزیکەی دو  ملیۆن و 200 هەزار کەسە، لە هەمانکاتدا هۆشداری دا کە "حەماس" حوکمی بیانی لەسەر خاکە فەلەستینییەکان قبوڵ ناکات.
ئەو بەرپرسەی حەماس باسی لەوەشكرد، "ئێمە پابەندین بە نەگۆڕە نیشتمانییەکانمان و لۆژیکی سەرپەرشتیکردن و دەستێوەردانی دەرەکی و گەڕانەوەی ئینتیداب قبوڵ ناکەین". بە بڕوای مەشعەل، ئەم ئەرکە لە ئەستۆی "سەرکردایەتی گەلی فەلەستینە بە هەمو هێزە زیندوەکانییەوە"، نەک تەنها بزوتنەوەی حەماس.
خالید مەشعەل دەشڵیت، "فەلەستینیەكان خۆیان حوکمی فەلەستین دەکەن، غەززە بۆ خەڵکی غەززەیە و فەلەستین بۆ خەڵکی فەلەستینە، ئێمە حوکمی بیانی قبوڵ ناکەین". ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی "ئاژانسی فرانس پرێس" بڵاویكردوەتەوە.

ژمارەی خوێندراو : 7 جار

هەواڵی زیاتر