گفتوگۆیەکی چاوەڕوانکراوی ئێران و ئەمریکا بە چاودێریی ناوچەیی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لە نێوان وڵاتەکەیان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی هەوڵە ناوچەییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوولا.
ئاژانسی «ئیسنا»ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری زۆرە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوە لە نێوان دوو شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان، لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرپەرشتی دەکرێن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڕەنگە ئەم گفتوگۆیانە لە تورکیا ئەنجام بدرێن، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی عێراقچی بۆ ئەنقەرە و هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ میوانداریکردنی دیدارەکە، بە ئەگەری بەشداریی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی «ئەسۆشێتد پرێس» لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردەوە کە ئەنقەرە هەوڵ دەدات بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەگەری پەنابردنی ئەمریکا بۆ کردەی سەربازی دژی ئێران.
هەروەها سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە وڵاتانی تری ناوچەکە، لەوانە قەتەر و میسر، وەک ناوبژیوانێکی ئەگەری بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان پێشنیار کراون.

ڕەتکردنەوەی دەنگۆکان و هەڵوێستی واشنتۆن
سەرچاوەکان ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن لە کاتی سەردانەکەی شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ تاران، و ئەو پێشبینییانەیان بە نادروست وەسف کرد.
هاوکات ئاژانسی «تەسنیم»ی ئێرانی ڕایگەیاند کە بڕیارە عێراقچی و ویتکۆف کۆببنەوە، لە کاتێکدا واشنتۆن بە فەرمی بەشداریی نێردە ئەمریکییەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ماڵپەڕی «ئەکسیۆس»یش لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە: «پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی ویتکۆف و عێراقچی لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ئەگەری». بەڵام گوتەبێژێکی کۆشکی سپی بە «جەزیرە»ی ڕاگەیاند: «لە ئێستادا هیچ کۆمێنتێکمان نییە سەبارەت بە دیداری ویتکۆف لەگەڵ ئێرانییەکان».
دواتر ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ» لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کە «ترامپ داوای بژاردەی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەجۆرێک کە ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسیی درێژخایەن نەکاتەوە».

پەیوەندییە ناوچەییەکان
لەسەر ئاستی ناوچەیی، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئوردن نابێتە گۆڕەپانی جەنگ یان بنکەیەک بۆ هیچ کردەیەکی سەربازی دژی ئێران. سەفەدی دووپاتی کردەوە کە عەممان پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان یان بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەر ململانێیەکی ناوچەییدا ڕەتدەکاتەوە.
هەروەها عێراقچی پەیوەندیی تەلەفۆنی جیاوازیشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعودیە و تورکیا ئەنجامدا، وەک بەشێک لە ڕاوێژە بەردەوامەکانی ناوچەکە سەبارەت بە پەرەسەندنە خێراکان، بەتایبەت دۆسیەی ئەتۆمی و گرژییە سەربازییەکانی ئەمریکا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەرەکی ئەتۆمی ئێران، کاتێک بۆ ماوەیەکی کورت چوونە نێو شەڕێکی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

ژمارەی خوێندراو : 36 جار

هەواڵی زیاتر