روون میدیا
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتیوانیی تەواوەتی خۆی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕاگەیاند و هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر نەتەنیاهۆ نەیباتەوە، ئەوا واشنتن ناچار دەبێت بە تەنیا ئەرکەکە بەڕێوە ببات لە دژی ئێران.
ئەم هەڵوێستەی ترامپ، کە ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) ئاراستەی دەنگدەرانی ئیسرائیلی کرد پاش ئەوە هات کە نەتەنیاهۆ—کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ داواکراوە—بە ئاشکرا دانینا بەوەدا کە دڵنیا نییە لە بردنەوەی خولێکی نوێی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ۲۷ی تشرینی یەکەمدا.
ترامپ ڕایگەیاند کە "ئەگەر ئیسرائیل کەسێکی تر جگە لە نەتەنیاهۆ هەڵبژێرێت، ئەوا سەرکردەیەکی هەڵەی هەڵبژاردووە، و جەختی کردەوە کە نەتەنیاهۆ ئەو جۆرە هاوبەشەیە کە ئەمریکا داوای دەکات. لە بەرامبەردا، نەتەنیاهۆ سوپاسی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند: "پێکەوە ئەرکەکە بەئەنجام دەگەیەنین."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "104.5 FM"نیگەرانی خۆی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربڕی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت ئەگەر بدۆڕێت، لە ژیانی سیاسی ناکشێتەوە. نەتەنیاهۆ هەڵبژاردنەکەی بە "مەترسیی بوونگەرایی" وەسف کرد و هۆشداری دا کە هاتنەسەرکاری ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی گادی آیزنکۆت دەبێتە هۆی دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و ڕێگەدان بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی، کە بە وتەی ئەو "کارەساتە."
هاوکات لەگەڵ ململانێ سیاسییەکان، لێدوانێکی ڕەگەزپەرستانەی میدیاکارێکی نزیک لە نەتەنیاهۆ بەرامبەر گادی ئایزنکۆت (سەرۆکی حزبی 'یهشار') کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە. ینۆن ماگیل، پێشکەشکاری کەناڵی ١٤، ئایزنکۆتی بەهۆی ڕەچەڵەکە مەغربییەکەیەوە بە "مەیمون" ناوبرد. ئایزنکۆت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە و نەتەنیاهۆیی تۆمەتبار کرد بە پیادەکردنی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە جولەکەکانی ڕۆژهەڵات . نەتەنیاهۆ پاش ۱۵ کاتژمێر لێدوانەکەی ماگیلی بە "نەشیاو" وەسف کرد و ئیدانەی کرد.
نەتەنیاهۆ لە ئێستادا دادگایی دەکرێت بە تۆمەتەکانی گەندەڵی، بەرتیلوەرگرتن و خەیانەت لە ئامانەت، کە ئەگەر ساغ ببنەوە تووشی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە. بەپێی دواین ڕاپرسییەکان:
نەتەنیاهۆ لە ڕووی جەماوەرییەوە لە دواوەی گادی ئایزنکۆتدایە.
ژمارەی خوێندراو : 45 جار