روون میدیا
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٥ ڕۆژ بەسەر ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات پێی ناوەتە ١٨٤ەمین ڕۆژییەوە و هێرشی بێپچڕانی هەردوولا بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکان توندتر بووەتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای ئێران ڕایگەیاند بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەلمنحاد" لە ئیمارات و شوێنی جێگیربوونی هەلیکۆپتەر و هێزەکانی ئەمریکایان لەو بنکەیە پێکاوە. هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سوپای پاسداران ئاشکرایان کرد کە بە مووشەکی بالیستی و درۆن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ئوردن، بەتایبەت بنکەکانی "شا حوسێن" و "ئەلئەزرەق" کردووەتە ئامانج و ژێرخانی ئەو بنکانەیان وێران کردووە، بەوپێیەی وەک خۆیان دەڵێن "سەرچاوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بوون بۆ سەر خاکی ئێران".
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە ئوردن هیچ زیانێکی گەورەیان نەبووە و تەواوی مووشەکەکانیش لە ئاسماندا تێکشکێنراون.
لە ئاستی دەریاییشدا، ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە لوتکە. هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە باشووری گەرووی هورمز ئاگر لە کەشتییەکی نەوتکێش کەوتووەتەوە پاش ئەوەی بەهۆی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە ڕێڕەوێکی "نایاسایی" بەر دوو مین کەوتووە. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، بەرپرسانی واشنتن ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە دوورگەی "لارک"ی ئێرانی دوو سکۆی هەڵدانی مووشەکیان تێکشکاندووە کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هەڵدانی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بەرەو گەرووی هورمز. لەلایەن خۆشییەوە، سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک، ژمارەیەک لە شەڕڤانان و هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون.
سەبارەت بە داهاتووی ململانێکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "بەم زووانە بەسەر جەنگەکەدا سەردەکەوین و کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا دەبەستین." ناوپێبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هاوکارییەکی کەم لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، سەرجەم مینە ئاوییەکانیان لەو ناوچەیە پاککردووەتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 58 جار