بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێکی زەوینیی ئەمریکا، سەرجەم بنکە، کەشتی و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج، هاوکات باڵادەستیی تاران و عومانی بەسەر تەنگەی هورمزدا دووپاتکردەوە.
عەلی فەدەوی، سەرۆکی گرووپی ڕاوێژکارانی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی باسی لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ و ئامادەکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و چەند خاڵێکی سەرەکیی خستەڕوو:
فەدەوی ئاماژەی بەوە کرد هێڵی سووریان بۆ وڵاتانی ناوچەکە دیاریکردووە؛ هەر وڵاتێک بێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو خاکەدا دەکرێنە ئامانج، چونکە بنکەی ئەمریکی لە هەر وڵاتێک بێت هاوشێوەی خاکی ئەمریکایە.
جەختی کردەوە لە ئەگەری هێرشی زەوینیی ئەمریکادا، هەر شوێن، بنکە و کەشتییەک پەیوەندی بە ئەمریکییەکانەوە هەبێت ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانیان.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز ڕایگەیاند، خاوەندارێتیی تەنگەکە بۆ ئێران و عومان دەگەڕێتەوە و تەنیا ئەم دوو وڵاتە یاساکانی بەڕێوەبردنی دەنووسن و جێبەجێی دەکەن، نەەک ئەمریکا.
بەرپرسەکەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکییەکان زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران دوورکەوتوونەتەوە و هیچ کەشتییەکیان لە کەنداو، تەنگەی هورمز، دەریای عومان و باکووری زەریای هیندیدا نەماوە.
فەدەوی ڕایگەیاند قەبارەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و کروز لە ناوخۆدا لە ئاستێکدایە بەراورد ناکرێت بە بڕی بەکارهێنانی تەقەمەنییەکانیان و بۆ خولەکێکیش زیاتکردنی توانای سەربازییان ڕانەگرتووە.
ژمارەی خوێندراو : 64 جار