ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ و ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

گفتوگۆکانی ڕۆژی هەینی لە مەسقەت
ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ و ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران جەختیان لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە ڕێڕەوی گفتوگۆ و بژاردە دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ بوونی ناکۆکی لەسەر وردەکارییەکان؛ وەک سنووردارکردنی گفتوگۆکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و باسنەکردنی تواناکانی سەربازیی ئێران.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە تەلەڤزیۆنی «الجزيرة»ی ڕاگەیاندووە کە پلانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە مەسقەت لە ڕۆژی هەینیدا «گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی». ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دوای فشارەکانی سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان بووە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ تاوەکوو پاشەکشە نەکات. بەرپرسێکی تری ئەمریکی وتی ئیدارەی ترەمپ لەبەر ڕێزگرتن لە داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، ڕازی بووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
بەپێی ماڵپەڕی «ئەکسیۆس»، سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە کۆبوونەوەکە هەڵنەوەشێنێتەوە و دەرفەت بدات بە بیستنی پێشنیارەکانی لایەنی ئێرانی.
لە لایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەیانیی ڕۆژی هەینی لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت. ئاژانسی «تەسنیم»ی ئێرانیش بڵاویکردەوە کە گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆ دەبن و چاوەڕوان دەکرێت عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەشداریی تێدا بکەن.
هەرچەندە ئەمریکا سەرەتا ڕەتیکردبووەوە پلانی سەرەکی بگۆڕێت (کە بڕیار بوو لە ئەستەنبوڵ بێت بە ئامادەبوونی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چاودێر)، بەڵام ئێران داوای کرد بگوێزرێتەوە بۆ عومان و تەنیا لە نێوان هەردوولادا بێت، بە ئامانجی تەرکیزکردنە سەر دۆسیەی ئەتۆمی و دوورخستنەوەی بابەتەکانی وەک مووشەک.
سووربوونی ئێران
ئاژانسی «مێهر»ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە هێنانەپێشەوەی هەر بابەتێکی دەرەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن واشنتۆنەوە دەبێتە هۆی پەککەوتنی گفتوگۆکان و ئەمریکا بەرپرسیار دەبێت. سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە ئێران ئامادەیە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتری سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکان گفتوگۆ بکات. هەروەها وتی توانای سەربازیی ئێران پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی و جێگەی گفتوگۆ نییە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە توانای بەرپەرچدانەوەیان لە ڕێگەی نوێکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکانەوە بەهێز کردووە و وڵاتەکەی «ستراتیژیی سەربازیی خۆی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەر گۆڕیوە».
کرانەوەی ئەمریکا
لە هەمان چوارچێوەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و واشنتۆن ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ ئامادەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەر لایەنێک پەیوەندی بکات و ئەمەش بە «سازش» دانانێت.
بەڵام ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە سنووردارکردنی گفتوگۆکان تەنیا بۆ یەک دۆسیە چیتر بەس نییە و دەبێت باسی مووشەکە بالیستییەکانیش بکرێت تاوەکوو گفتوگۆکە واتای هەبێت. ترەمپیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دەبێت عەلی خامنەیی نیگەران بێت، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا چاودێریی جووڵەکانی ئێران دەکات و هۆشداریی دا لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی.
نیگەرانیی ئیسرائیل
لە لایەکی ترەوە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی سەبارەت بە ئێران ئەنجام دەدات. ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، مەرجەکانی ئیسرائیلی بۆ گەیشتن بە «ڕێککەوتنێکی باش» ڕادەست کردووە، کە بریتین لە:
گەیاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی سفر.
بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران.
ڕاگرتنی پڕۆگرامی مووشەکیی ئێران.

ژمارەی خوێندراو : 43 جار

هەواڵی زیاتر