لە ماوەی هەفتەیەکدا دو هەزار درۆنی ڕوسی بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا بەكارهاتوون

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە ڕوسیا تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردودا زیاتر لە دو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 116 موشەکی ئاراستەی ئۆکرانیا کردوە، کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی لۆجستی لە شار و گوندەکان کردوەتە ئامانج و داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكان فشار بخەنە سەر مۆسكۆ بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان.
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویكردەوە، "ناکرێت جیهان چاوپۆشی لە هێرشەکانی ڕوسیا بکات. کاتێک وەڵامێکی نێودەوڵەتی نەبێت، هێرشەکان زۆرتر و دڕندانەتر دەبن. دەکرێت ئەمە ڕابگیرێت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتگیری ڕاستەقینە بۆ ئۆکرانیا و بەرگرییەکانمان".
زلێنسکی جەختیکردەوە، "ئێمە پێویستمان بە موشەک بۆ سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و چەک بۆ شەڕکەرەکانمان هەیە کە ڕۆژانە بەرپەرچی ئەم دەستدرێژییە دەدەنەوە. بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەرکەوتو بێت، دەبێت فشارێکی بەردەوام بخرێتە سەر ڕوسیا، بە جۆرێک تێچوی ئەم شەڕە هێندە گران بێت کە بۆ ڕوسیا بەردەوام نەبێت".
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەشكرد، سزای بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی بەرهەمهێنەری پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکدا دەسەپێنێت کە ڕوسیا لە هێرشەکانیدا بەکاریان دەهێنێت. زێلێنسکی نوسیویەتی، "بەرهەمهێنانی ئەم چەکانە بەبێ ئەو پارچە بیانییە پێویستانە مەحاڵ دەبێت کە ڕوسەکان لە ڕێگەی خۆدزینەوە لە سزاکانەوە دەستیان دەكەوێت". 
زلێنسكی وتیشی، "سزای نوێ دەسەپێنین، بە تایبەتی بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی پارچەکان دابیندەکەن بو بەرهەمهێنەرانی موشەک و درۆنەکان. بڕیارە پەیوەندیدارەکانم واژۆ کردوە". بەگوێرەی دو مەرسومی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، سزاکان کۆمپانیا چینییەکان و کۆمپانیاکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشو و ئیمارات و پەنەما دەکەنە ئامانج. 

ژمارەی خوێندراو : 40 جار

هەواڵی زیاتر