ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێران ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساندووە. ئەم هەنگاوە توندە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دێت بۆ بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە خستنەناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە دانیشتنێکی ئاشکرادا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە "بەپێی ماددەی حەوتەمی یاسای ڕێوشوێنە بەرانبەرەکان سەبارەت بە ناساندنی فەیلەقی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، هەروەها وتیشی: "بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لە ئەستۆی یەکێتیی ئەورووپایە."
لە دانیشتنەکەدا، قالیباف و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بە جلی سوپای پاسدارانەوە دەرکەوتن وەک نیشاندانێکی هاوسۆزی، هاوکات ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارانی بڵاوکردەوە کە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"یان دەوتەوە.
قالیباف ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەورووپییەکان "بە شوێنکەوتنی کوێرانەیان بۆ ئەمریکا، تەقەیان لە پێی خۆیان کردووە"، و ڕایگەیاند کە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمان پرسی دەرکردنی پاشکۆ سەربازییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکات.
باکگراوندی بڕیارەکە و لیستی ڕەش
پێنجشەممەی ڕابردوو، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی یەکێتییەکە بە "سەرکوتکردنی خوێناوی" خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران ناوی برد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم بڕیارەی بە "هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە" ناوبرد و هۆشداری دا کە ئەمە ڕۆڵی ئەورووپا لە دۆسیەکانی ناوچەکەدا کەمدەکاتەوە.
سوپای ئێران لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە بە هێزەوە لە پاڵ سوپای پاسداران دەوەستێت و بڕیارە ئەورووپییەکەی بە هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف کرد.
وەڵامی یەکێتیی ئەورووپا و سزاکان
لە بەرانبەردا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: "سەرکوتکردن قبوڵکراو نییە، هەر ڕژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێت، هەوڵی ڕووخانی خۆی دەدات."
هاوکات یەکێتیی ئەورووپا سزای نوێی بەسەر ٦ دامەزراوە و ١٥ کەسایەتی ئێرانییدا سەپاند، لەوانە ئەسکەندەر مومنی وەزیری ناوخۆ، و چەندین بەرپرسی دادوەری و ئەمنی، جگە لە کۆمپانیاکانی نەرمەکاڵا کە تۆمەتبارن بە سانسۆرکردنی ئینتەرنێت.
سەرباری گرژییەکان، کالاس جەختی کردەوە کە "کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە" تەنانەت دوای ئەم بڕیارانەش.
ژمارەی خوێندراو : 41 جار