وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری قەدەغەکردنی یاری پەبجی دەکەن، کە دوێنێ پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد.
ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی گشتی بێت بە دڵنیاییەوە وەک وەزارەت پێشوازی لێدەکەین، هەر بڕیارێکیش لە بەغداوە دەربچێت دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمان بکات بە جێبەجێکردنی".
پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد یاری پەبجی قەدەغە بکات
دوێنێ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد یاری پەبجی قەدەغەبکات، بە زۆرینەی دەنگیش پرۆژە یاساکە پەسەندکراو ئاڕاستەی حکومەت کرا بۆ جێبەجێکردنی.
بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ بە خەندان-ی راگەیاندبو، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری قەدەغەکردنی یاری پەبجی و چەند یارییەکی دیکەی ئەلکترۆنی داوە، بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
یارییە ئەلیکترۆنیەکان ئاسایشی کۆمەڵایەتی و توانای گەنجان و لاوان دەخاتە مەترسییەوە
لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقدا کە تایبەتە بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان، لە بڕگەی یەکەمدا هاتوە، "داوا لە حکومەت دەکەین رێگری لەبەکارهێنان و هەمو جۆرە مامەڵەیەک بگرێت کە پەیوەندیدارن بە یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پەبجی، فۆرتنایت، حوت و ئەزرەق و تەواوی ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەی کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و توانای گەنجان و لاوان دەخاتە مەترسییەوە".
هەروەها لە بڕگەی دوەمدا هاتوە، "داوا لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بگرنە دەست".
ژمارەی خوێندراو : 312 جار