لە رابردودا بە پلەی یەکەم یەکێتی بە پاشکۆیەتی و لاوازی خۆی دەرفەتی تەواوی بۆ گەورەکردن و بەهێزکردنی پارتی لە زۆربەی جومگەکانی حکومڕانی و دەسەڵاتدا رەخساند، لەم خولەی پەرلەماندا، گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا.
بۆ پارتی جۆری سیستەم گرنگ نیە، بەڵکو دەسەڵات گرنگە
کام سیستم هێزو دەسەڵات و سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ بنەماڵەی بارزانی و پاشان پارتی دەستەبەر بکات، ئەوە سیستمێکی دڵگیرو پەسەندە، لە سەردەمێکدا کە پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەی رەهای نیە، هەر لەم کاتەدا کە بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب وا دەخوازێت مەسعود بارزانی وەک تاکمەرجەع لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت، ئا لەم کاتەدا سیستمی سەرۆکایەتی دڵخوازی پارتیە.
لەم قۆناغەدا لە پاڵ پارتیدا ئەو لایەنەی تر کە گوڕوتین و هێز دەبەخشێتە پرۆژەکەی پارتی یەکێتییە. یەکێتیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە دەسەڵاتێکی رەهاو پێگەیەکی بەهێزەوە بۆ مەسعود بارزانی دەشەرعێنێ، یەکێتیە کەمپینی هەڵبژاردن بۆ بارزانی دەکات، یەکێتیە ویلایەتی مەسعود بەرزانی درێژ دەکاتەوە، یەکێتیە سەرچاوەی هەمەڕەنگکردنی شەرعیەتدان بە پرۆژەکەی پارتی، کە لە مەسعود بارزانیەکی دەسەڵاتداردا خۆی دەبینێتەوە.
لەم قۆناغەدا لە پاڵ پارتیدا ئەو لایەنەی دیکە کە گوڕوتین و هێز دەبەخشێتە پرۆژەکەی پارتی یەکێتییە
لەم قۆناغەدا راستە لە پاڵ مەسعود بارزانیدا نێچیرڤانی برازاش هەیە، بەڵام نێچیرڤان جگە لە سێبەری مەسعود بارزانی هیچی تر نیە، واتا بون و نەبونی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە گرنگەکاندا جێی بایەخ نیە.
وەلێ لە قۆناغێکی تردا کاتێک ژمارەی کورسیەکانی پارتی لە پەرلەماندا هەڵدەکشێ و، پێشتریش مەسعود بارزانی لە بەشداری دەسەڵاتە فەرمیەکان دور کەوتوەتەوەو، پێویستی و هاوکێشەو هاوسەنگی هێز لە ناو پارتیدا گۆڕانی بە سەردا هاتوە، لەم کاتەدا بەرژەوەندی پارتی و بنەماڵە وا دەخوازێت نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پێکەوە وەک دوانەی دەسەڵاتدار بێنە پێشەوەو، پێکەوە کارەکەی مەسعود بارزانی تەواو بکەن. لەم قۆناغەدا ئەم دوانە هیچیان سێبەری ئەوی تریان نیە، بەڵکو پێویستی بنەماڵە وا دەخوازێت لە هەردوکیاندا پێگەو دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی بەرجەستە بکرێت.