دامەزراوەکانی ئەم ھەرێمە لەنێوان چاوەڕوانیەکاندا

لە لایەن شۆرش ئه‌نوه‌ر12/07/2019


ئایا بەڕاست ئێمە خاوەنی دەسەڵات و حکومەتێکین کەلەچوارچێوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی سیاسیدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھاوڵاتیانی رێک بخات؟ حکومەتێک لەچوارچێوەی دیاریکردنی ئەرک و مامەفەکان بەرپرسیاریەتیەکانی دیاربن و ھەرلەو چوارچێوەیەشدا ھاوڵاتیان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟

بەکەمترین بەداداچوون بە ئەزموونی ئەم دەسەڵاتە کوردیەدا، بۆمان دەردەکەوێ ئەم شێوازەی حوکمڕانی کوردی جۆرە حکومەتێک و دەسەڵاتێکە ئەوەندەی لەخزمەتی رێکخستنی پەیوەندیە ئابوری و سیاسیەکانە بۆ دووحزبی دەسەڵاتدارو چەند کەسایەتیەکی دیاریکراو وەیان چەند باڵێکی دیارکراو، ئەوەندە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی نیە لەگەڵ ھاوڵاتیانی، بەتایبەتیش لەم پێنج ساڵەی رابردوودا بەجۆرێک دەسەڵاتی کوردی لەرووی دامەزراوەیی و پەیوەندیەکانی لەچوارچێوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی سیاسی لەبەریەک ھەڵوەشێنراوە، کەتێیدا وانابینرێت شتێک مابێتەوە ناوی خەمخواردن بێت لەچاوەڕوانیەکانی ھاوڵاتیان و کارکردن بێت لەپێناو باشکردنی ژیانی ئاسایی خەڵک و جێبەجێکردنی بەشێک لەو داواکاریە سەرەتاییانەی کە ئەرکی ھەر دەسەڵات و حکومەتێکە کەخۆی بەبەرپرسیار دەزانێت لەبەرامبەر کۆمەڵگەو ھاوڵاتیانی، لەبەرامبەردا ھەموو ئەوەی کەھەیە بریتیە لەرایی کردنی ھەندێ کاروباری رۆتینی رۆژانە کەتەعبیر لەسادەترین ئەرکێک و پەیوەندی دەسەڵات دەکات لەھەمبەر کاروبارە ئیداریەکاندا.

 ئێستا ئەم دەسەڵاتە کوردیە گەیشتووە بەقۆناغێک ئەوەندەی لەخەمی جێگیر کردنی زیاتری چاوەڕوانی و خواستی فڵانە بەرپرس وکەسایەتی و باڵی فڵانە حزبە، ئەوەندە لەخەمی ئەوەنیە کەئەم ھاوڵاتیانەی ھەرێم لەچ دەردەسەریەکدا دەژین و چۆن گرفتەکانی ھاوڵاتیان دەشێ چارەسەر بکرێن، ئێستا ئەوەندەی لە ئەجێنداانی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا ئەوەندەی پرۆژەکانی دووحزبی دەسەڵاتدارو خوستی بەرپرسەکانیان جێگیر دەکرێن، ئەوەندە خواست و داوااریانە جێ ناکرێنەوە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی پێیانە !

 ئەم دەسەڵاتە، حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەی ھەرێمی خستۆتە خزمەتی ئەو چاوەروانی و خواستانەی کەچەند بەرپرسَیک ھەیانە بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان و دەوروبەرەکەی خۆیان، بەنمونە لەپەرلەمانەکەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێک پرۆژەی یاساکان دادەرێژن و بەشێوەیەک دەخرێنە روو کە گونجاو بێت لەگەڵ چاوەڕوانی و خواستی فڵانە بەرپرس تائەو شوێنەی رێک یاساکە بەو جۆرە دەربچێت و بەو جۆرەش جێبەجێ برێت کە فڵان بەرپرس خواستی لەسەرە، دامەزراوە باڵاکانی جێبەجێ کردنی دەکرێنە ئامرازی جێبەجێکردنی پرۆژە ئابوریەکانی کۆمپانیاکانی فڵانە بەرپرس و فڵانە حزب ئەگەر ئەنجامی ئەمەش بەکارەسات بۆسەر ئابوری ھەرێم و ئایندە سیاسیەکەیدا کۆتاییان پێ بێت، وەک چۆن لەکەرتی نەوت و گرێبەستەکانی نەوت و فرۆشتندا دەبینرێت، دادگاکانیش کراونەتە ئامرازێک بۆ سزادانی ئەوانەی قسە لەسەرنارێکیەکانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن و بەیاسا پاساو دەدەنە نارەوایەتیەکانی ئەم دەسەڵاتە، پۆلیس و ھێزە ئەمنیەکانیشی دەبنە ئامرازەکانی تۆقاندنی نەیارە مەدەنیەکانی ئەم دەسەڵاتە،  زێدەرۆیی نیە ئەگەر بڵێین کە ھیچ کات وەکو ئێستا دامەزراوە رەسمیەکانی ئەم ھەرێمە دوور نەبوون لە خەڵک، لەھەمان کاتدا نزیک وئاوێزان لەگەڵ دوو حزبی دەسەڵاتدار !

وتاری زیاتر