ئەی گەنجی کورد چاوەکانت بکەرەوە

لە لایەن كەمال چۆمانی02/11/2022

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
نێچیرڤان بارزانیی سەرۆک و شێخ جەعفەری جێگرسەرۆک هیچ بڕوانامەیەک نییە. مستەفای سەید قادری جێگرسەرۆک پەیمانگای پیشەیی کشتوکاڵی لە بەغداد لە ١٩٧٩ خوێندوە.
سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
مەسرور بارزانی بەکەلۆریۆسێکی لە ئەمریکا خوێندوە. ساڵی ١٩٩٢ دەچێتە لەندەن بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ ئەوەی ئینگلیزی فێربێت. ئێمە لە ١٩٩٢ هەرچی مامۆستای پسپۆرە نەمانبو. ئەوانەی کەمێک خوێندەوارییان هەبو یان بڕوانامەی تریان هەبو، خۆبەخشانە بڕیاریاندا ببنە مامۆستا. ئەوکات هەمو دونیا خێری بە کوردستان دەکرد، کەچی مەسرور بارزانی لە لەندەن ئینگلیزی فێردەبو. دوای ئەوەی ئینگلیزی فێردەبێ، لەسەر بودجەی گشتیی لە واشنتن پەیوەندی نێودەوڵەتی خوێند. ئیدیعای ئەوە دەکات ماستەریشی خوێندبێ، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە. ئەوکاتی ئەو لە واشنتن دەیخوێند، باوکی و باوکی قوبادی جێگری کە ئەویش لە لەندەن بو، شەڕێکی خوێناوییان دەستپێکردبو کە مێژوی کوردستان شەڕی وا خوێناوی و دڕندانەی بە خۆوە نەبینیبو. ئەوکاتەی ئەو لە ئەمریکا دەیخوێند، ئێمە لە چۆمان مامۆستای ئینگلیزیمان نەبو. بیرمە لە پۆلی چوار یان پێنجی ئامادەی پێنج مامۆستای ئینگلیزیمان گۆڕین، تەنها یەکیان پسپۆڕی لە ئینگلیزی هەبو.
قوباد تاڵەبانیی جێگرسەرۆکوەزیران، وەک ئاماژەی پێکردوە، بەکەلۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک خوێندوە لە لەندەن. ئەوکاتەی ئەو لە لەندەن دەیخوێند، باوکی قوباد پێشمەرگەی دەناردە سەر تەپکی حەمەداغا تا خوێنی ئەوانە بڕێژێ کە لەسەر ئەو تەپکە بە فەرمانی باوکی مەسرور بارزانی هاتبون تا خوێنی یەکێتییەکان بڕێژن.
تۆ ئەی کچ و کوڕی لاوی کوردی کوردستانی عێراقێ، چاوەکانت بکەوە و دورتر ببینە. تۆ بەو هەمو هەژاری و دەردەسەرییەی یەکێتی و پارتی بەسەریانهێنایت، توانیت خوێندنێک تەواوبکەیت و ئێستا دونیابینییەکانت زۆر ئینسانیتر و پێشکەوتنخوازانەترن لەوانەی حوکمڕانیی دەکەن.
بڕوانامە و خوێندن و مەعریفەی هەر پێنج کەسەکە لە سەرۆکایەتیی کۆکەیتەوە هێندەی تۆ نەیانخوێندوە و بەدوای مەعریفە نەبونە سەرەڕای ئەوەی دەرفەتەکانی ئەوان لەڕادەبەدەر بوە و دەرفەتەکانی تۆ بێئەندازە سنوردار.
زۆر دەمێکە کاتی بەسەرچوە، بەڵام هێشتا درەنگ نییە، دەکرێ چیتر ئەو چیڕۆکانەی ئەوان بەهەند وەرنەگیرێن و خەونی گەورە بە دونیایەکی باشتر ببینین نەک هێشتاش خەونەکانتان لەوەدا کورتببنەوە سێڵفییەک لەگەڵ یەکێک لەوانە بگرن کە ژیانیان وێرانکردن!

وتاری زیاتر