سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت کە 72 پلەی باڵا بەتۆمەتی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵکراوە.

لە لایەن كەمال چۆمانی03/08/2022

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت کە
72 پلەی باڵا بەتۆمەتی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵکراوە.
هەرچەندە دیار نییە کێن ئەو پلە باڵایانە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بارزانییەکانی دی و تاڵەبانییەکانی تێدا نییە.
مەسرور و نێچیرڤان هەردوکیان بەپێی راپۆرتی دەزگا ئەمریکییەکان دەرکەوت لە ئەمریکا خانویان کڕیوە و تەنانەت یەک ئەندام پارلەمانی ئۆپۆزسیۆنیش جورئەتی نەکرد قسەی لەسەر بکات، چ جای ئەوەی دەستەی دەستپاکیی هەرێم بێت قسەی لەسەر بکات.
گەندەڵی لە لوتکەی دەستەڵاتدارێتییە، گەندەڵییش تەنها گەندەڵیی دارایی نییە، کۆی سیستەم گەندەڵە.
گەندەڵی لەسەر سێ ئاست دەبێ بەوردی قسەی لەسەر بکرێ: گەندەڵی سیاسی Political Corruption، گەندەڵی ئابوری Economic Corruption، و گەندەڵی لە ئیدارەی گشتیی Public Administration Corruption.
لە کوردستاندا تەنها باسی ئەو گەندەڵییە دەکرێ کە گەندەڵییە لە سامانی گشتیی.
شێوازەکانی گەندەڵیش جۆراوجۆرن. دەکرێ بەو جۆرە دابەشبکرێن:
بەرتیل وەرگرتن، پلانگێڕی بۆ کۆنتراکتێک، دزی و ساختەکاری، یاریکردن بە سامانی گشتی، خراپ-بەکارهێنانی دەسەڵات و خزمخزمێنە، فرۆشتنی سامانی حکومەت لەلایەن بەرپرسانی گشتی، کڕینی وەلائی خەڵک، بە جیاوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێ کەس و کۆمپانیا و هتد.
بۆ نمونە تەواوی میدیاکانی یەکێتی و پارتی لەسەر بنەمای گەندەڵی دامەزراون، بە زانکۆکانی ماڵی بارزانیشەوە.
مەسرور بارزانی دەیەوێ بڵێت کە ئەو هاتوە گەندەڵی لەناودەبات و بە بەقوربانیکردنی دو سێ بەرپرسی گەندەڵ وێنەی خۆی جوان دەکات، یان لەڕێی بێدەنگکردنی دو سێ مۆدێل دەیەوێ بڵێ رێنادات سامانی گشتی بەهەدەربدرێ، بەڵام لەژێرەوە هەرچی گەندەڵییە لە نێچیرڤان بارزانی دەستێنێت و دەیخاتە سەر کۆمپانیاکانی خۆی.
خەڵک دەزانێت شەڕکردنی گەندەڵی بەوە دەبێ لەسەرەوە دەستپێبکرێ، لە سەرەوەش دەستپێبکرێ دەبێ مەسعود بارزانی سەری رەش بەجێبهێڵێت و ماڵی تاڵەبانی دەباشان چۆڵ بکەن.

وتاری زیاتر